سەرۆك وەزیران لەبارەی ئاسایشی كەركوك رونكردنەوە دەدات

18/12/2018 عێراق

نەوا
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق جەختیكردەوە پاراستنی كەركوك ئەركی حكومەتی فیدراڵییە. ئاشكراشیكرد رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو پێكهێنانی كابینەكەی كۆتایی پێدێت.
لە پرێس كۆنفرانسی هەفتانەیدا كە شەوی سێشەممە لە بەغدا بەڕێوەچوو، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق وتی "ئەنجومەنی وەزیران سوورە لەسەر چارەسەركردنی كێشەی فەرمانبەرانی گرێبەست و گێڕانەوەی مافەكانیان، بەجۆرێك كە رەشنووسی نوێی تایبەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست، پلەبەندی و شایستە داراییەكانی ئەو فەرمانبەرانە و خانەنشین بوونیانی زامنكردووە".
پرێس كۆنفرانسی ئەم هەفتەیەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەدەر نەبوو لە باسكردنی كەركوك، بەجۆرێك كە عادل عەبدولمەهدی باسی لەو لایەنە كرد، كە لە ئاسایشی كەركوك بەرپرسە و وتی "حكومەتی فیدراڵی بەرپرسە لە پاراستنی كەركوك".
عادل عەبدولمەهدی داواشیكرد پەلەبكرێت لە ئەنجامدانی چاكسازیی راستەقینە بەمەبەستی رزگاركردنی عیراق لە بارگرژییەكانی بەرزونزمیی نرخی نەوت.
ئاشكراشیكرد، حكومەت بڕیاری داوە پاسپۆرتی دیپلۆماسی ببەخشێت بە نادیە موراد كچە ئێزدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و هاوسەرەكەی، لەپای بینینی رۆڵی مرۆیی لە جیهاندا.
سەبارەت بە هەوڵەكانی تەواوكردنی كابینە وەزارییەكەشی، عادل عەبدولمەهدی وتی "لە دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی داهاتووی پەرلەماندا، پرسی ئەو وەزیرانەی ماونەتەوە، یەكلاییدەكرێتەوە و متمانەیان پێدەبەخشرێت". جەختیشیكردەوە ئەگەر لایەنەكان رێگەی پێبدەن، ئەوا ناوی كاندیدانی وەزارتەكان دەگۆڕێت و كەسانی دیكە بۆ ئەو پۆستانە كاندید دەكات.
هەروەها سەرۆك وەزیران پێداگری كرد لەوەی حكومەتی ئێستای عیراق، كەمتر حزبییە بەراورد بە كابینەكانی پێشوتر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group