حەشدی شەعبی: ئامادەین بچینە سوریا

28/01/2019 عێراق

بەوتەی فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی هێزەكانیان ئامادەن بچنە نێو خاكی سوریا بەمەبەستی راوەدونانی تیرۆرستان و بۆ ئەو مەبەستەش هەمو ئامادەكارییەكیان كردوە و چاوەڕێی بڕیاری سەروی خۆیانن.
 قاسم موسلیح فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەسنوری پارێزگای ئەنبار رایگەیاند، هێزەكانیان بەدرێژای سنورەكانی عێراق و سوریا بڵاوەیان پێكراوە و لە ئامادەباشی تەواودان بۆ چونە ناو خاكی سوریا، ئەوەش بەمەبەستی راوەدونانی هێزە تیرۆرستییەكان لەناو قوڵایی سوریا.
وتیشی، لە ئێستادا تەنها چاوەڕێی بڕیاری سەروی خۆیانن بۆ جێبەجێكردنی هەنگاوە سەربازییەكەیان. 
ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی راشیگەیاند، ئامانج لەو هەنگاوەمان پاككردنەوەی ناوچە سنورییەكانی نێوان عێراق و سوریایە لە مەترسی تیرۆر و چاودێریكردنی ئەو ناوچەیەی كە بوەتە لانكەی تیرۆرستان لەناو خاكی سوریا و لەهەمانكاتیشدا هەڕەشەیە بۆ پارێزگاكانی رۆژئاوای عێراق.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group