ئەندامانی باندێكی دزینی ئۆتۆمبێل لە هەولێر دەستگیركران

18/03/2019

 

لە هەولێر چوار ئەندامی باندێكی دزینی ئۆتۆمبێل، لە لایەن پۆلیس و ئاسایشەوە دەستگیركران.
لەو بارەوە هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاندووە: بەشی لێكۆڵینەوەی دزینی ئۆتۆمبێل لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە هەولێر، توانیویانە سێ ئەندامی باندەكە دەستگیر بكەن و چوارەمیش لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیركراوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە: "ئەندامانی باندەكە دانیان بە دزینی پێنج ئۆتۆمبێل، جۆری كیا بارهەڵگر داناوە و دواتریش بردوویانەتە دەرەوەی شاری هەولێر و هەرێمی كوردستان، فرۆشتوویانە".
هۆگر عەزیز روونیشی كردۆتەوە، "لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی شوێنی ئۆتۆمبێلەكان دەستنیشان بكرێت و هەوڵ بدرێت بگەڕێنرێنەوە هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر".
راشیگەیاندوە: دوان لەو بارهەڵگرانە تابلۆیان هەولێر بووە و سیانەكەی دیكەش تابلۆكەیان ناوەڕاست و خواردووی عیراق بووە.
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر باسی لەوەشكردوە: ئەندامانی باندەكە ماوەیەكی كەمە هاتوونەتە هەولێر و نیشتەجێ بوون، بۆیە هیچ پێشینەیەكی تاوانكاریان لە تۆمارەكانی پۆلیس نەبووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group