نه‌وا-سه‌عید عه‌بدوڵڵا-هه‌ولێر
به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و زانینی دوایین هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، فه‌لاح مسته‌فا سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه بانگهێشتى په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێت.
له‌وباره‌یه‌وه رێبوار بابكه‌یی سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له په‌رله‌مانی كوردستان به‌رادیۆ نه‌وای راگه‌یاند، بۆ وه‌ڵامی دوو ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی بانگهێشتی فه‌لاح مسته‌فا سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌یان كردوه.
وتیشى "ته‌وه‌ری یه‌كه‌م بۆ كۆبونه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه بۆئه‌وه‌ی قه‌باره‌ی ئه‌و سزایانه بزانرێت كه ئێستا ئه‌مریكا خستویه‌تییه‌سه‌ر ئێران و عیراقی لێ به‌ده‌ر نه‌كردوه و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه. هه‌روه‌ها ته‌وه‌ری دووه‌م بۆ وه‌رگرتنی زانیارییه له‌سه‌ر رۆیشتنه‌وه‌ی كارمه‌ندانی دیپلۆماتی ئه‌مریكا و خاوه‌نكار و كۆمپانیاكان".
رێبوار بابكه‌یی رونیشیكرده‌وه، به گشتی باس له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی جیهان ده‌كه‌ن و پێویستییان به رونكردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر ئاسۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه، چونكه هێشتا له ئاماده‌كاری هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌دان به‌تایبه‌تی بۆ ساتی ده‌ستبه‌كاربونی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم.