عیراق لە رێككەوتنێكیدا لەگەڵ ئێران زیانێكی گەورەی ئابوری كردوە

12/06/2019 عێراق

نەوا
ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، ماوەی چەند مانگێك پێش ئێستا عیراق و كۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاریان دا پارەی ڤیزای سەفەركردن لەنێوانیاندا لابەرن، بەڵام ئەو بڕیارە بە دروستی لێكۆڵینەوەی لەسەر نەكراوە و بە پلەی یەكەم لە بەرژەوەندی كۆماری ئیسلامی ئێرانە.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە بە داتا بەرژەوەندییەكانی ئێرانی لەوكارە خستوەتەڕو و دەشڵێت "ماوەی چەند مانگێك پێش ئێستا سەرپێیانە لەڕێگەی راگەیاندنەوە پرسیارم ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی حكومەتی ئیتیحادی كرد كە دەبێت ئەو بابەتە دیراسەی وردی بۆ بكرێت و تەواوی داتاو زانیاریەكان دیراسەو توێژنەوەیان لەسەر بكرێت، پاشان بڕیاری گونجاوی لەسەر بدرێت، چونكە ناكرێت بەرژەوەندی ئابوری خۆمان بكەین بە قوربانی بەرژەوەندی ئابوری وڵاتی دراوسێ و سیاسەتكردن كاتێك تەندروستە بەرژەوەندیەكان هەمان باڵانسیان هەبێت".
سەبارەت بە داتای سەردانیكەرانی هاووڵاتیانی هەردوو وڵاتیش، ئەحمەدی حاجی رەشید ئاماژەی بەوەكردوە، لە ساڵی 2016دا یەك ملیۆن و 464 هەزار و 934 كەس سەردانی ئێرانیان كردوە كە دەكاتە 29%، سەردانیكردنی هاووڵاتیانی ئێران بۆ عیراق لەو ساڵەدا سێ ملیۆن و 543 هەزار و979 كەس  بوە، كە دەكاتە 71%. لە ساڵی 2017دا یەك ملیۆن و 472 هەزار و 225 عیراقی چوونەتە ئێران كە دەكاتە 28%، لە بەرانبەردا سێ ملیۆن و 818 هەزار و 232 ئێرانی هاتونەتە عیراق، كە دەكاتە 72%. لە ساڵی 2018دا دوو ملیۆن و 386 هەزار و 708 عیراقی سەردانی ئێرانیان كردوە، كە دەكاتە 47%، دوو ملیۆن و 695 هەزار و 269 ئێرانیش هاتونەتە عیراق، كە دەكاتە 53%.
هەروەها رایگەیاندوە، لەهەردوو ساڵەكانی 2016  و 2017دا رێژەی سەردانیكارانی ئێرانی بۆ عیراق دوو هێندە زیاتری سەردانیكارانی عیراق بۆ ئێران دەبێت واتە ئەو بڕە داهاتەی عیراق لە دەستی دەدات دوو هێندەی ئەو داهاتەیە و زیاتریش كە ئێران لەدەستی دەدات.
وتوشیەتی "سەبارەت بەهەرێمی كوردستان زۆر بەسادەیی وەریبگرن هیچ داتاو زانیاریەكم لەبەردەستدا نییە و بەگشتی سەردانیكردنی ئێرانیەكان بۆ كوردستان بەشێكی كۆمەڵایەتییە و بەشەكەی دیكە كاركردنە، سەردانیكردنی كوردانی هەرێمی كوردستانیش بەشێكی كەمی كۆمەڵایەتییە وئەوی دیكەی سەردانیكردنی خۆشگوزەرانی و پزیشكییە واتە لە هەردوو بارەكەدا ئێمە زەرەرمەندین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group