كەركوك ساڵیادی هونەرمەندی كۆچكردو هێرش فاتیح دەكاتەوە

12/07/2019 نەوا

نەوا


ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە بنكەی روناكبیری گەلاوێژ لقی كەركوك لە سەنتەری رۆشنبیری كەركوك یەكەم ساڵیادی بۆ هێرش فاتیح هونەرمەندی گۆرانیبێژی كۆچكردو رێكخست كە تیایدا بەشێكی زۆر لە هونەرمەندان و میوزیسیان و رۆشنبیران و كەسایەتی و بەرپرسانی ئیداری كەركوك و كەسوكار و هەوادارانی هونەرمەندی كۆچكردو ئامادەبون.
سەرەتای ساڵیادەكە بە دەقیقەیەك بۆ گیانی پاكی هونەرمەندی كۆچكردو و دەستی پێكرد و دواتر سیف الدین سابیر سەرۆكی بنكەی روناكبیری گەلاوێژ لقی كركوك وتەیەكی پێشكەش كردو تیایدا تیشكی خستە سەر ئەوەی هونەرمەند هێرش فاتیح رۆڵێكی بەرچاوی هەبوە لەپێشخستنی هونەری كوردی و بە كۆچكردنیشی كەلێنێكی گەورە كەوتوەتە نێو هونەری گۆرانی وتنی كوردیە .


پاشان محمد فاتیحی برای هونەرمەندی كۆچكردو شیعرێكی بۆ هونەرمەندی كۆچكردو خوێندەوە وتاری بنەماڵەشی خوێندەوە و باسی لە ژیانی تایبەتی هونەرمەند هێرش فاتح كرد و وتی: كاك هێرش یەكێكە لە سیومبوڵەكانی كەركوك و پێویستە وئەركی سەرشانی هەمو لایانە هونەری و رۆشنبیری و حزبی و حكومیەكانی شارەكەیە، رێزێكی تایبەتی لە كاك هێرش بگرن و پەیكەرێكی بۆ دروست بكەن یان شەقامێك یان بنكەیەكی هونەری یان رۆشنبیری ناوی ئەوی لێبنێن.
هەر لە ساڵیادەكەدا راگەیاندكار و رۆشنبیر هاشم جەباری رۆڵی هونەرمەند هێرش فاتیح لە هونەری كوردی بەرز نرخاند و رایگەیاند : هەرچی هونەرمەند و گۆرانیبێژ و كەسایەتیەكان هەیە شەرمیان لەمن دەكرد، بەڵام هێرش فاتیح هێندە رەوشتی بەرز بوە من شەرمم لەو كردوە.

 


هونەرمەند حەمە رەئوف كەركوكی لە وتەكەیدا، هێرش فاتیحی بە هونەرمەندێكی مەزن وەسفكرد و وتی: هیچ هونەرمەندێك هێندەی ئەو پابەند نەبوە بە كاتەكانی پڕۆڤەكردنەوە و لەپێش هەمومانەوە ئامادە بووە، پاشان دوو گۆرانی پێشكەش بە روحی هونەرمەندی كۆچكردو كرد، بەهەمان شێوەش هونەرمەند عەلی زەنگەنە شیعرێكی بۆ هونەرمەندی كۆچكردوو خوێندەوە و گۆرانیەكیشی پێشكەش بە ئامادەبوان و روحی ئەو هونەرمەندە كرد.


رۆژنامە نوس محمد صالح بەرزنجیش دەنگی هونەرمەندی كۆچكردوی بەدەنگێك لە ئاسمانەوە وەسف كرد و وتی :هێرش فاتح هونەرمەندێكی رەسەنی مەقامزانی دەنگ خۆشە و ئەگەر كورد نەبوایە بێگومان ئێستا وەكو هونەرمەندێكی جیهانی باسمان لێوە دەكرد .
لەكۆتایی ساڵیادەكەش چەند گۆرانیەكی هونەرمەندی كۆچكرد و پێشكەشی ئامادەبوان كران.


ژیاننامەی هونەرمەند هێرش فاتیح :


هونەرمەند هێرش فاتح حامد لە ٢٧/٣/١٩٦٨ لە بنەماڵەیەكی نیشتیمان پەروەر و ئایین پەروەر و رۆشنبیر لە شاری كەركوك لەدایك بووە، مامۆستا شێخ فاتحی باوكی لە زیندانە سیاسیەكان بووە و لەسەر ئەوەی بەڕێوەبەری قوتابخانە بووە و موچەی ئەو مامۆستایانەی نەبڕیوە كە چونەتە ریزی پێشمەرگایەتیەوە و موچەكانیانی بۆ رەوان كردوون، دەستگیركراوە و لە نوگرە سەلمان زیندانی كراوە. 
باپیرانیشی پیاوچاكانی شێخی بەرزەنجە و كەسنەزانن و لەسەر تەریقەتی شێخ عبدالقادری گەیلانی بوونە، چیرۆك نووسی گەورە لەتیف حامد مامەیەتی و شاعیری مەزن لەتیف هەڵمەت خاڵویەتی و پێشمەرگەی دێرین بورهان محمود ناسراو بەشێخ هیوا خاڵۆیەتی و هونەرمەندی گەورەش شێخ اسماعیل بەرزنجی ئامۆزایەتی .
هێرش فاتح هەر لە تەمەنی 18 ساڵیەوە دووچاری نەخۆشی شەكرەبوە و  قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری كەركوك تەواو كردووە و دواتر وازی لە قوتابخانە هێناوە و ئیشی بازاڕی كردووە. 
لەگەڵ ئەوەی وێنەكێشێكی باش بوو ... بەردەوام گوێی لە گۆرانی دەگرت بەتایبەتی مەقامە فارسیەكانی ئیرەج و لە ساڵانی هەشتاكانەوە دەستی كردووە بە گۆرانی ووتن تاكو بەچەند كەسێكی هونەرمەندی وەكو خۆی ئاشنایەتی پەیدا كرد لەوانە هونەرمەندی ساز ژەن نزار ئەحمەد و هونەرمەند فخرالدین ئەحمەد كە بە فخرالدین عەوداڵ ناسراوە.
هونەرمەند فەخرەدین عەوداڵ چەند ئاوازێكی بۆ هێرش فاتح داناوە كە هۆنراوەی ئاوازەكانیش هەر هی عەوداڵ خۆیەتی لەوانە (دووبارە تیشكی پەرچەم) و ( سروشت ) و ( ئەی لە هاواری دەرون ) و گۆرانی ( هونەر ) .
هەروەها هونەرمەندی خوالێخۆش بوو شەوكت رەشید زۆر سەرسام بووە بە دەنگە زوڵاڵەكەیی و چەند ئاوازێكی بۆ داناوە لەوانە ( گوڵە بۆ من ژیانی ) و هونەرمەندی خوالێخۆشبوو مامۆستا قادر مەردان كومەڵێ‌ ئاوازی بۆی دانابوو یەكیەكیان بەسەر نەورۆەزدا بوو بەناونیشانی (ئەكەین جەژنە پیرۆزە ... ئەمڕۆ یادی نەورۆزە ) .
هونەرمەند هێرش فاتح .... هەر لەسەرەتای لاوێتیدا هەستی كوردایەتی بەرز بووە و چەندین جار لەلایان رژێمی بەعسەوە دەستگیركراوە و زیندانی كراوە و فشارێكی زۆریش خراوەتە سەری كە لەو یادانەی بەشداری تێادا كردووە سروود بۆ سەدام حسێن بڵێت بەڵام رەتیكردوەتەوە و بە پێچەوانەوە زیاتر مەقامەكانی ئیرەج و بەستە فارسیەكانی ئەوەتەوە كە ئەو كاتە گۆرانی فارسی قەدەغەبوو چونكە ئێران گەورەترین دووژمنی عێراق بوو ( بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی نێوانیان ). 
بۆ ئەم بابەتەش كاك عبید رشید ساڵەیی راگەیانكار و رۆژنامەنووس دەڵێت: لەسەردەمی ڕژێمی سەدام حسێن بەرنامەی لەگەڵ هونەرمەندانم پێشكەش دەكرد، هەرچ هونەرمەندێك سروودێكی بۆ سەدام حسێن بووتایە بە 500 دینار خەڵاتەكرا ئەگەر شیعریشی بۆ سروودەكە دابنایە 500 دیناری تری وەردەگرت، بەڵام هونەرمەند هێرش فاتح كاتێك كە هات بۆ بەرنامەكە، وتنی سروودی رەتكردەوە و وتی سروود ناڵێم .
هونەرمەند هێرش فاتح لەساڵی 1995 لە ڤستیڤاڵی ( اغنیە شمالیە )  لە شاری كەركوك بەئامادەبوونی سەرۆكی ئەو كاتەی سەندیكای هونەرمەندانی عێراق (داوود قەیسی) پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە و قەیسی نازناوی یەكەم گۆرانیبێژی لێناوە لەسەر ئاستی كوردستان.. بەهەمان شێوە لە ڤیستیڤاڵی بابلی جیهانیش بەشداری كردووە و مەقامێكی فارسی وتووە و سەركەوتوبووە و لەلایان هونەرمەندە عێراقیەكانەوە وەكو لیاس خزر و حەمید مەنسور دەست خۆشی لێكراوە، بەهەمان شێوە بەشداری كردووە لە چەندین ڤیستیڤاڵی دیكە لە شاری كەركوك و كوردستان و سەركەوتوبووە و جێپەنجەی دیاربووە.
لەداوی پڕۆسەی ئازادی لە ساڵی 2003 هێرش فاتح سروودێكی بۆ شاری كەركوك وتووە بەناوی مەشغەڵی ئازادی لە هونراوەی شاعیری مەزن لەتیف هەڵمەت و ئاوازی مامۆستا چالاك سدیقە و لە زۆربەی یاد و بۆنەكان بەشداری كردووە و لە یەكەمین ڤیستیڤاڵی هونەری لەشاری كەركوك كە لەساڵی 2004 سازكرا پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە .
هونەرمەند هێرش فاتح چەندین ئاواز و سروودی بۆ خۆی داناوە و هەندێك لە هۆنراوەكانی محمد فاتحی برای بۆ ئاوازەكانی بەكارهێناوە و هونەرمەندانی وەكو چالاك سدیق و رزگار حەمە رەئووف و خالید جوانڕۆ و جەزای ساز و فەخرەدین عەوداڵ و هێمن حسێن و نیهاد جەمشیر و محمد جاف و وشیار عوبید و ئازاد شاكیر و  كۆمەڵێك هونەرمەندی دیكەش كاری هونەریان بۆ كردووە.
هێرش فاتح مەقام زانێكی لێهاتوبووە و شارەزایەكی باشی لە هەموو مەقامەكاندا هەبووە و زۆر سەركەوتبووە لەو بوارەدا  وپێش كۆچكردنی بە چەند ساڵێك بەرهەمێكی زۆری ئاینیشی تۆمار كردووە لە شێوەی سروودی ئایینی و گۆرانی ئایینی و تەواشیح و شیعر و قەسیدە و هەر هەمووی لە ئاواز و ووتنی خۆیەتی و ئەتوانین بڵێین خاوەنی بە دەیان گۆرانی و بابەتی ئایینیە . 
هونەرمەند هێرش فاتح دوو هەلی مێژوویی زێڕینی بۆ هەڵكەوتووە و بەهۆی گیانی بەرزی كوردایەتیەوە رەتیانیكردوەتەوە ، یەكەمیان: كاتێك سەرمایەدارێكی میسری گوێی لەدەنگی بوو، بەڵێنی پێداوە بێبات بۆ میسر و بیكاتە شوێنەكەی عبدالحلیم حافز، بەڵام هێندە گیانی كوردایەتی بەرز بوە رەتیكردوەتەوە و وتوێتی: من تەنها بە زمانی كوردی دایك گۆرانی دەڵێم.
هەلی دووەمیش لە كۆڕەوەكەی ساڵی 1991 كاتێك كە لەئێران گوێیان لە دەنگی بوو، لەخەڵكەكە جیایان كردووە و رێزێ‌ تایبەتیان لێگرت و بەهۆی ئەوەوە رێزیان لەكەس و كارەكەشی دەگرت و داوایان لێكرد نەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی وبەڵێنیانپێدا بیبەن بۆ تاران و بیكەن بە گۆرانیبێژێكی بەناوبانگی ئێران، بەڵام دواجار بڕیاریدا بگەڕێتەوە و خزمەتی میلەتی كورد و كوردستان و كەركوكیەكان بكات و بۆ ماوەیەكیش چۆتە ریزەكانی گەرێلاكانی پەكەكە و ژمارەیەك سروودی بۆیان داناوە.
هونەرمەند هێرش فاتح لە 1/8/1994 لەگەڵ خاتوو شلێر رەمەزان مەعروف ژیانی هاوسەری پێكهێَناوە و منداڵێكیان هەیە بەناوی محمد و لەدوای بەرنگاربونەوەیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی لە 11/7/2018 كۆچی دوایی كردووە و لە گۆڕستانی ئیمام قاسم لە شاری كەركوك بەخاك سپێردراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group