هەڤاڵ ئەبوبەكر: لەئێستاوە یەك لیتر نەوت لە سلێمانی ببڕێت غالب محەمەد لێی بەرپرسیارە

15/07/2019

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 

پارێزگاری سلێمانی وەڵامی داتا و قسەكانی پەرلەمانتارێكی گۆڕان دەداتەوە و دەڵێت "لەئێستاوە یەك لیتر نەوت لە سلێمانی ببڕدرێت ئەو پەرلەمانتارە لێی بەرپرسیارە".
ئەمڕۆ لە دەستپێكی مەراسیمی "پاراستنی ئاو"، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە پرێس كۆنفرانسێكدا وەڵامی غالب محەمەد پەرلەمانتاری عیراقی دایەوە و ئاماژەی بەوەدا، قسەكانی وەكو هەڵوێستی هاووڵاتییەك وەردەگرێت، چونكە فراكسیۆنی گۆڕان و پەرلەمانیش پاڵپشتی نەكردوە.
پارێزگاری سلێمانی لە قسەكانیدا وتی "هەندێك كەس دەبینین بون بە نوێنەری حكومەتی عیراق بەرانبەر هەرێمی كوردستان، پەیوەست بە سوتەمەنی دوێنێ كۆمەڵێك تۆمەتمان بۆ دروستكرابو، بەڵام هیچ نەوتێك بەناوی ئاوارەكانەوە نەهاتووە بۆ سلێمانی و لەسەر بودجەی پارێزگای سلێمانی لە وەرزی زستاندا نەوتمان بۆ ئاوارەكان و زیانلێكەوتوانی بناری قەندیل و باڵەكایەتی كڕیوە، سەبارەت بە گاز و بەنزینیش، ئەوە بۆ ئاوارەكان نەهاتوە، بەڵكو بۆ ئەو فەرمانگانەیە كە خزمەت بە ئاوارەكان دەكەن و لەسەر بودجەی خۆمان كڕدراوە و دەبێت بە پارەی نەختینە بیگەڕێنینەوە بۆ بەغدا".
وتیشی "بەشانازییەوە یەك لیترمان بەهەدەر نەداوە، لە پێنج ساڵی رابردودا یەك لیتر نەوت لە سلێمانی دابەش نەكراوە، بەڵام ئێمە هەوڵمانداوە نەوتیان بۆ دابین بكەین و لە پارێزگای هەڵەبجە ماڵی سێ بەرمیل نەوتی وەرگرتوە، لە ئیدارەی راپەڕین و گەرمیانیش هەڵمەتی دابەشكردنی نەوت ئەنجامدراوە".
هەڤاڵ ئەبوبەكر ئاماژەی بەوەشدا، ئەمڕۆ هەموو ئامارەكان بڵاودەكەنەوە و سەرجەم كارەكان بەهەوڵی پارێزگاری سلێمانی بوە، نە پەرلەمان و نە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشدارنەبون. وتیشی "پێویستە ئێمە سوپاس بكرێین نەك بە سوكایەتی سەیری ئیشەكانمان بكرێت".
هەروەها پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەكرد، هەر كەسێك ئامار و داتای وردی دەوێت، هەمووی دەخەنەبەردەستی بەمەرجێك بۆ موزایەدەی سیاسی بەكارنەهێنرێت. وتیشی "لەئێستاوە یەك لیتر سوتەمەنی سلێمانی كەمبكرێتەوە یان لە وەرزی دابەشكردنی سوتەمەنی لە نەوتی سپی لێمان ببڕن، ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزە لێی بەرپرسیارە، نە بەرهەمە نەوتیەكان لێی بەرپرسیارە نە ئێمە و نە پەرلەمانتارەكانی تر، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەكو رای تایبەتی سەیری دەكەین، چونكە نە فراكسیۆنەكەی لەگەڵی بووە نە فراكسیۆنە كوردستانیەكان لەگەڵی بوون نە حكومەتی ناوەندی و پەرلەمانی عیراق لەگەڵیدا بون، بەڵكو ئەو قسانە وەكو هەڵوێستی هاووڵاتییەك سەیر دەكەن.
هەڤاڵ ئەبوبەكر وتیشی "تائێستا ئەو بەڕێزە نەهاتوە بۆ لامان كە نوێنەرایەتی دوو ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی دەكەین تا بزانێت كێشەكانی سلێمانی چین؟ بۆچی سوتەمەنی بۆ شارەكانی تر دەڕوات و بۆ سلێمانی نایەت؟. بۆیە تەنیا نوسراوێكی رادەستكردوین كە وەزارەتی نەوتی عیراقی رایسپاردوین ئەو رێژانەی دەینێرێت هەمووی بڵاودەكەینەوە، ئەمە شتێكی ئیداریە و رەزامەندی حكومەتی عیراقمان نییە هەتاكو داتاكان بڵاوبكەینەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group