داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پێنج پەرلەمانتار دەكرێت

22/07/2019 عێراق
عەبدولڕەحیم شممەری ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

نەوا
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق داوایەكی ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پێنج ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا لەسەر دۆسیەی پەیوەندار بە گەندەڵی.
عەبدولڕەحیم شممەری ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: "ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پێنج پەرلەمانتار".
شممەری ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی ئاشكرا نەكرد كە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییانی كردووە.
ناوبراو وتیشی: "ئەو پێنج پەرلەمانتارە بە دۆسیەی گەندەڵییەوە تێوەگلاون كە بریتییە لە بەهەدەردانی پارە و گەندەڵی لەوكاتەی لە دەسەڵاتی جێبەجێكردندانبوونە بەر لەوەی ببنە پەرلەمانتار".
شممەری روونیشیكردەوە كە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار پێویستی بە دەنگی یەك لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە، یان سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران لەكاتی پشووی پەرلەماندا مافی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار هەیە.
تاوەكو ئێستا سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران هیچ روونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە بڵاونەكردووەتەوە لە كاتێكدا لە سەرەتای مانگی ئابی داهاتووەوە ئەنجوومەنی نوێنەران دەچتە پشووی هاوینەی خولی یاسادانان.
بەپێی مادەی 63 لە دەستووری عێراق، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەماوەی ئەندامییەتیدا نابێ بگیرێت تەنها لەدوای رەزامەندی دەنگی زۆرینەی رەهای پەرلەمانتاران بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەری.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group