بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی دەستەی دەستپاكی هەرێم: دەیان هەزار فەرمانبەر بە نایاسایی پلەیان بەرزكراوەتەوە

29/08/2019

نەوا
ئەندامێكی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایدەكات لەم خولەی پەرلەمان لیژنەكەیان هیچ پرۆژە یاسایەكیان لەسەر چاكسازی نەبووە، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی دەستەی دەستپاكی هەرێم-یش دەڵێت:" دەیان هەزار فەرمانبەر لە هەرێم بە نایاسایی پلەیان بەرزكراوەتەوە".
سەرچنار ئەحمەد ئەندامی لیژنەی دەسپاكی پەرلەمانی كوردستان لەبەرنامەی ئاراستەی رادیۆی نەوا ئاماژەی بەوەدا كە پرۆژە یاسای چاكسازی لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمە و بڕیارە لەم خولەی پایزدا گفتوگۆی لەسەر بكرێت.
وتیشی: "لەم خولەی پەرلەماندا دەستەی دەستپاكی هیچ پرۆژە یاسایەكی لەسەر چاكسازی نەبووە و یەكجاریش سەرۆكی دەستەمان بانگهێشت كردووە و كەموكوڕییان زۆرە و سەرۆكی دەستەش دوو ساڵە ماوەی بەسەرچووە".
هەر لەبەرنامەی ئاراستەدا موشیر رەشید بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی دەستەی دەستپاكی هەرێم تەئكیدی كردەوە كە لە خولەكانی پێشتردا پرۆژەیان هەبووە و ئێستاش كار لەسەر هەمواری دووەمی پرۆژە یاسای چاكسازی دەكەن و وتی: "رەنگە لە هەفتەی داهاتوودا رەوانەی  پەرلەمانی كوردستانی بكەین".
لەبارەی ئەو فەرمانبەرانەش كە بەنایاسایی پلەی وەزیفییان بێ‌ رەچاوكردنی بڕوانامە بەرزكراوەتەوە، وتی: "بە بڕیاری 1024 وەزارەتی دارایی دەڵێت ئەوانە حەقی بەدەستهاتوون ، ئەو فەرمانبەرانەش كە بێ‌ رەچاوكردنی ساڵانی خزمەت پلەیان بەرزكراوەتەوە دەیان هەزار كەسن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group