بەردی بڕدراو و هاڕدراوی هەرێمی كوردستان رەوانەی ناوچەكانی تری عێراق دەكرێت

31/08/2019 نەوا

 

لەسنووری پارێزگای سلێمانی چەند كارگەیەكی تایبەت بەبڕین و هاڕینی بەرد هەیە، زۆربەی ئەو بەردەش رەوانەی بەغدا و شارەكانی تری عێراق دەكرێت بۆ دروستكردنی كاشی و كەلوپەلی تری بیناسازی.
لەنزیك قەزای دەربەندیخان (دەكەوێتە دووری 66 كلم لە باشووری رۆژهەڵاتی سلێمانی) ژمارەیەك كرێكار لە نێو كارگەیەكدا سەرقاڵی كارێكی سەخت و قورسن و لەو رێگەیەوە بژێوی ژیانی خۆیان دابین دەكەن، كە ئەویش كاركردنە لە كارگەیەكی بڕین و هاڕینی بەرددا.
هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە كانزای جۆراو جۆر و چەندین كانگای بەردی دەگمەنی تێدایە، بەتایبەت لە ناوچەی پێنجوێن لە سنووری پارێزگای سلێمانی كە لە شاخ و چیاكانی ئەو ناوچەیە بڕێكی زۆر بەردی جۆراوجۆری دەگمەن بونیان هەیە.
بەرد تەنێكی سروشتییەو شڵخەیەكی ڕەقەوەبووە لە یەك یا چەند ماددەی كانگایی و نیوەكانگایی پێكهاتووە، چینی ڕەقی دەرەوەی گۆی زەوی لە بەرد دروست بووە.
لەسەرەتای ژیانی مرۆڤایەتییەوە بەزۆری بەرد بەكارهاتووە بۆ رایی كردنی كاروباری ژیانی رۆژانەی خۆی، لەلای كوردیش بەرد گرنگی خۆی هەبووەو لە زۆربەی زاراوە كوردییەكاندا ئەم وشەیە بوونی هەیە.
خاوەنی كارگەكە، كەریم عەبدوڵا لەبارەی كارەكەیانەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵی وتووە: "لەم ناوچەیەی ئێمەدا چەند كارگەیەك هەیە كە كاریان بڕین و هاڕینی بەردە، ئەو بەردەش زۆربەی لەكانگا و شاخەكانی پێنجوێن بۆمان دێت بۆ بڕین، بۆ هاڕینیش لە شاخەكانی دەربەندیخانەوە بەردمان بۆ دێت، بەردەكەی پێنجوێن بەردی رەنگاو رەنگەو بەردی سەیدسادقیش هەیە رەشە ".
ئەو وتی:" ئەو بەردانە بە قیاسی ستاندارد یەك سانتیم و نیو دەبڕدرێت و دەخرێتە سەر سكێبە و رەوانەی بەغدا و شارەكانی تر دەكرێت ".
خاوەنی ئەو كارگەیە كە رۆژانە بۆ خۆیی و چوار كرێكار سەرقاڵی كارن، باس لەوەش دەكات كە كارەكەی ئەوان پەیوەندی راستەوخۆی بە بەغدا و باشووری عێراقەوە هەیە و لەسەدا 95ی بەردەكان دوای بڕین و هاڕینیان راستەوخۆ رەوانەی بەغدا و ئەو شارانەی تری باشووری عێراق دەكەن، لەوێ لە كارگەكان كاشی و كەلوپەلی تری بیناسازی لێدروست دەكرێت.
سەبارەت بەتایبەتمەندی بەردی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، كەریم عەبدوڵا لەوەڵامدا وتی:"هەر بەردێك لەناوچەیەكی تایبەت هەیە، بەنموونە بەردی سەوز تەنها لە پێنجوێن هەیەو سوور و رەش لەناوچەی سەیدسادق و زەردیش لە هەولێر هەیە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group