دەسەڵاتێكی بێسەر، ئەو سیانەی جڵەوی ئێرانیان بەدەستەوەیە

6 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
لەوكاتەوەی موجتەبا خامنەیی وەك ڕێبەری باڵای نوێی ئێران دەستنیشان كراوە، وەك جێگرەوەی باوكی كە لە ٢٨ی شوباتدا لە هێرشێكی ئەمریكی-ئیسرائیلیدا كوژرا  تا ئێستا لە هیچ شوێنێكی گشتیدا دەرنەكەوتوە. سەرەڕای ئەم غیابە تەمومژاوییە كۆڵەكەكانی دەسەڵاتی ئێران هێشتا ڕاوەستاون، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەكە ئەوەیە لەم ساتەوەختە جەنگییەدا، كێ بڕیاردەری ڕاستەقینەیە؟
مانەوەی ئێستای ئێران لەسەر شانی چەند كەسایەتییەكی سەرەكی وەستاوە ئەوانیش فەرماندەی سوپای پاسداران، سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و سەرۆكی پەرلەمان كە هەمویان لە هەناوی سوپاوە هاتون.
١. جەنەڕاڵ محەمەد باقر زولقەدر پیاوە تەمومژاوییەكە
محەمەد باقر زولقەدر گوزارشتە لە لێڵی و تەمومژاویبونی و ژووری كۆنترۆڵی ڕاستەقینەی ئێرانە. ئەو وەك سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئەركی هەماهەنگی نێوان سوپای پاسداران، دەزگاكانی هەواڵگری و سیاسەتی دەرەوەی لە ئەستۆیە. ئێرە ئەو شوێنەیە كە بڕیارە چارەنوسسازەكانی تێدا دەردەچێت: جەنگ، بەرنامەی ئەتۆمی و مامەڵەكردن لەگەڵ تەنگژەكان.
دەستنیشانكردنی ئەو لە ئاداری ٢٠٢٦دا، تەنیا گۆڕانكارییەكی كارگێڕی نەبوو، بەڵكو ئاماژەیەكی ڕوون بوو كە ڕژێم بۆ بەڕێوەبردنی ئەم قۆناغە پەنا بۆ پیاوانی خاوەن باكگراوندی ئەمنی دەبات. زولقەدر لەكایەی سیاسییەوە نەهاتوە، بەڵكو لە قووڵایی پێكهاتە ئەمنییەكانەوە (سوپای پاسداران، بەسیج و سەرۆكایەتی ئەركان) سەری هەڵداوە. ناوەندە نێودەوڵەتییەكان زولقەدر بە یەكێك لە ئەندازیارانی تۆڕی ناوچەیی ئێران دەناسێنن كە لە دوورەوە سەرپەرشتی حزبوڵاو باڵەكانی تری ئێران لە ناوچەكەدا دەكات.


٢. جەنەڕاڵ ئەحمەد وەحیدی پارێزەری قەڵای ئەمنی
جەنەڕاڵ ئەحمەد وەحیدی بەرجەستەكەری جەوهەری عەقیدەی ئەمنی ئێرانە. بەرگری لە ڕێگەی هێزەوە چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە. ناوی ئەو لە مێژوودا بە "فەیلەقی قودس"ەوە گرێ دراوە. ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەو لە نەوەدەكانەوە پەیوەندی بە ئۆپەراسیۆنە دەرەكییەكانەوە هەبووە، لەوانە تەقینەوەكانی "AMIA" لە ئەرجەنتین، كە تا ئێستاش بەو هۆیەوە ناوی لە "نیشانەی سوور"ی پۆلیسی ئینتەرپۆلدایە.


لە ناوخۆی وڵاتدا ئەحمەد وەحیدی وەك بەرپرسی كۆنترۆڵی ئەمنی دەردەكەوێت. بە خوێندنەوەی توێژەران، ئەو بەرجەستەكەری ئەو بیرۆكەیەیە كە دەڵێت: "مانەوەی ڕژێم لە ڕێگەی كۆنترۆڵی تەواوی ئەمنییەوە تێدەپەڕێت، نەك لە ڕێگەی حەوزە ئاینییەكانەوە كە پێشتر خاوەن دەسەڵات بوون".
٣. محەمەد باقر قالیباف ئەڵقەی نێوان ئاسایش و سیاسەت
قالیباف نوێنەرایەتی مۆدێلێكی جیاواز دەكات ئەو لە یەككاتدا ئەڵقەی بەیەكبەستنەوەی جیهانی ئاسایش و كایەی سیاسەتە. ئاژانسی "ڕۆیتەرز" ئاماژە بەوە دەكات كە لە كاتی ئەم تەنگژەیەدا قالیباف بوەتە "ناوەندییترین" كارەكتەر لە پرۆسەی بڕیارداندا، بەتایبەت لە كەناڵە ناڕاستەوخۆكانی پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوادا.

ئەوانەی لە نزیكەوە دەیناسن، قالیباف بە سیاسەتكارە ئەمنییەكە دەناسن كە لە كاتە پڕ مەترسییەكاندا دوبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە. ئەو توانای دواندنی سەربازەكان، دانوستانی سیاسی و بەڕێوەبردنی گوتاری ناوخۆیی هەیە، وەك كەسایەتییەكی تا ڕادەیەك "میانڕەو" لە ناو بازنەی دەسەڵاتدارانی ئێستادا سەیری دەكرێت.

٤. غۆلام حسێن موحسنی ئەژەیی؛ شەرعییەتدان بە سەركوتكردن
لە سیستمی ئێراندا، تەنیا سەركوتكردن بەس نییە؛ بەڵكو پێویستی بە بەرگێكی "یاسایی" هەیە. لێرەدا دەوری غۆلام حسێن ئەژەیی، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی، دەردەكەوێت. ئەم تێكەڵكردنە لە نێوان "ئاسایش و دادوەرییدا"، وای لێ دەكات ببێتە پیاوە مەترسیدارەكە؛ ئەو كەسەی كە سەركوتكردن دەگۆڕێت بۆ بڕیاری یاسایی. لەم قۆناغەی دوای خامنەیی، دەسەڵاتی دادوەریی دەبێتە ئامرازێك بۆ دووبارە سەپاندنەوەی دەسەڵات لە ڕێگەی "ترسی ڕێكخراو"ەوە.


٥. ئەحمەد ڕەزا ڕادان دەوڵەت لەناو شەقامدا
ئەگەر "ئەژەیی" واژۆ لەسەر بڕیارەكان بكات، ئەوا "ئەحمەد ڕەزا ڕادان" ئەو كەسەیە كە لە ناو شەقامدا جێبەجێیان دەكات. ڕادان فەرماندەیی هێزەكانی جێبەجێكردنی یاسا دەكات، كە هێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندانەكانن. ئەو بەشێكی جەوهەرییە لە سیستمی "سەركوتی پێشوەختە"؛ ئەو سیستمەی چاوەڕێی دروستبوونی هەڕەشە ناكات، بەڵكو هەوڵ دەدات پێشوەختە لەناوی ببات.
ئەنجام: سیستمێكی بێ سەر... بەڵام نەك بێ كۆنترۆڵ


ئەوەی ئەم كەسایەتییانە دەریدەخەن، گۆڕانكارییەكی بنەڕەتییە لە سروشتی حوكمڕانیدا. ئێران چیتر لە ڕێگەی پیاوێكی ئایینی لە لوتكەدا بەڕێوە ناچێت، بەڵكو لە ڕێگەی هاوپەیمانێتییەكی دامەزراوەیی ململانێكار و تەواوكارەوە بەڕێوە دەچێت. لەم مۆدێلەدا، غیابی ڕێبەر بە واتای هەرەسهێنانی سیستم نایەت، بەڵكو سەرهەڵدانی حوكمڕانییەكی بەكۆمەڵی توندتر و كەمتر نەرمە.
بەڵام تەحەدای گەورە لە پاش جەنگ دەست پێدەكات. كاتێك سەرچاوە داراییەكان وشك بوون و ژێرخانی وڵات وەك كارەبا و گاز و پردەكان وێران بوون، سیستمەكە ڕووبەڕووی توڕەیی جەماوەر دەبێتەوە. ئەو خەڵكەی كە چیتر پڕوپاگەندەی فەرمی دەربارەی "سەركەوتن" تێریان ناكات كاتێك حكومەت لە دابینكردنی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەكان دەستەوەستانە. قۆناغی پاش جەنگ، ڕەنگە بۆ مانەوەی ئەم سیستمە زۆر مەترسیدارتر بێت لە خودی ڕۆژانی جەنگەكە.
ئامادەكردنی/ ئاواز سەلیم

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group