ژمارەیەك لە بریندارانی سەرێكانی گەیەنرانە قامیشلۆ

19/10/2019

نەوا
دوای ئەوەی بە هۆی بەردەوامی بۆردومان و هێرشەكانی توركیاوە گواستنەوەی بریندارانی سەرێكانی بۆ دەرەوەی ئەو شارە راگیرابوو، تیمە فریاگوزاریەكان توانیان بگەنە شارەكە و زیاتر لە 30 بریندار بگوازنەوە بۆ قامیشلۆ.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هاوار نیوز، ئێوارەی رۆژی شەممە و پاش هەوڵێكی سێ رۆژە، هەر سێ دامەزراوەی فریاگوزاری ماگی سوری كوردی، خاچی سوری نێودەولچەتی و مانگی سوری سوریا توانیویانە بچنە ناو شاری سەرێكانیەوە.
بەپێی ئەو هەواڵە زیاتر لە 30 برینداری و تەرمی چوار هاوڵاتی كە بە هۆی هێرشەكانی توركیاوە ژیانیان لەدەستدابوو گەیەنراونەتە نەخۆشخانە قامیشلۆ.
سەرباری راگەیاندنی ئاگربەست، بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵی رۆژئاوای كوردستان توركیا بەردەوامە لە بۆردومان و هێرشەكانی بۆ سەر شاری سەرێكانی و بە هۆی گەمارۆدانی ئەو شارەشەوە رێگە بە چوونەدەرەوەی برینداران و كەسانی مەدەنی نەدراوە لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا.
بەگوێرەی ئامارێكی بەڕێوبەرایەتی خۆسەریی باكور و باكوری رۆژهەڵاتی سوریا لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە 17 هاوڵاتی مەدەنی ژیانیان لەدەستداوە و 24 هاولاتی تریش برینداربوون.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group