بیل گیتس پێگەی دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانی بە جیف بیزوس چۆڵكرد

17/11/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
بیل گیتس دامەزرێنەری كۆمپانیای مایكرۆسۆفت پلەی یەكەمی بە جیف بیزوس دامەزرێنەری كۆمپانیای ئەمازۆن دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانی چۆڵكرد و بە 110 ملیار دۆلار چوە پێشەنگی دەوڵەمەندترینەكانی جیهان.
سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردوەتەوە، بیل گیتس سەروەتەكەی گەیشتوەتە 110 ملیار دۆلاری ئەمریكی و بەوەش شوێنی بە جیف بیزوس چۆڵكردوە، كە وەك دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان دەناسراو خاوەنی 108 ملیار و 700 ملیۆن دۆلارە.
ئەو پێشەنگایەتییەی بیل گیتس بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە كۆمپانیاكەی گرێبەستێكی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا "پێنتاگۆن" واژۆ كردوە بۆ پاراستنی داتاكانی ئەو وەزارەتە، كە نرخەكەی 10 ملیار دۆلارە.
بەپێی زانیاریەكان، راگەیاندنی ئەو گرێبەستە سەرەڕای زیادكردنی سەروەتی گیتس، بوەتەهۆی دابەزینی پشكەكانی ئەمازۆن بەڕێژەی 2% و بەرزكردنەوەی پشكەكانی مایكرۆسۆفت بەڕێژەی 4%.
بەپێی لیستی دەوڵەمەندترینەكانی جیهان، دوای گیتس و بیزوس، بەرنار ئارنۆ ملیاردێری فەرەنسی لە پلەی سێیەمدا دەبینرێت، بە 102 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.
لەو چوارچێوەیەشدا ئاژانسی بلومبێرگ ئاماژەی بەوەداوە، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەوەی جیف بیزوس ریزبەندیی دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان لەدەستبدات، بۆ جیابونەوەی لە ماكینزی هاوسەری دەگەڕێتەوە، كە بەهۆی جیابونەوەیان لە یەكتر، هاوسەرەكەی 38 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری لە پشكەكانی بیزوس بەركەوت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group