كشانەوەی سوپای توركیا لە چەند شارێكی رۆژئاوا رەتدەكرێتەوە

08/02/2020

نەوا-كاروان مەحمود 
ئەندامێكی نوێنەرایەتی بەڕێوەبەری خۆسەری رۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان دەنگۆی كشانەوەی توركیا لە چەند شارێكی كوردی رۆژئاوا رەتدەكاتەوەو راشیدەگەیەنێت،  ئەمریكاو روسیا و رژێمی سوریا رێگەی پێنادەن توركیا پێشڕەوی زیاتر بكات.
فەتحوڵڵا حوسەینی ئەندامی نوێنەرایەتی بەڕێوەبەری خۆسەری رۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، "تا ئێستا هیچ رێككەوتنێكی روسی و ئەمریكی نییە بۆ كشانەوەی چەتەكانی توركیا لە رۆژئاوی كوردستان كە پێنج شارى داگیركراوە، ئەوەی هەیە ناردنی هێزەكانییەتی بۆ لیبیا ئەگەر نا هیچ بڕیارێك نییە بۆ كشانەوەو دەرچوونی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان".
سەبارەت بە هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ دروستكردنی بنكەیەكی دیكە لە رۆژئاوا، ئەندامەكەى نوێنەرایەتی بەڕێوەبەری خۆسەری رۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان وتی: "ئەمریكا پێگەی خۆی بەهێز دەكات لە سوریا، روسیا پێش 50 ساڵ ئەو كارەی كردووەو لەگەڵ رژێمی سوریا پەیوەندی هەیە، بەڵام ئەمریكا لە ئێستادا لە هەوڵی خۆ بە هێزكردندایە چونكە مانەوەی مانەوەیەكی درێژخایانە".
فەتحوڵڵا حوسەینی باسی لە مەترسییەكانی توركیا بۆ سەر كوردی رۆژئاوا كردوو وتی: "توركیا ئەگەر بەدەستی بێت هەموو رۆژئاوای كوردستان داگیر دەكات بەڵام رێگەی پێنادرێت و ئەوەشی لە رابردوو بەرانبەر گرێ سپی و سەرێ كانی كرا پیلانێكی نێودەوڵەتی بووەو لە ئێساشدا بۆ هەر جموجوڵێكی توركیا دەبێت ئەمریكاو روسیا و رژێمی سوریاش ئاگادار بن بۆیە ناتوانێت جارێكی دیكە هێرش بكاتە سەر سوریا".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group