هەڵوێستی محەمەد تۆفیق عەللاوی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە ئاشكرادەكرێت

10/02/2020 عێراق

نەوا
ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق وردەكاری كۆبونەوەی گروپی 15ی لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی راسپێردراوی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكراكردو وتی، عەللاوی تەئكیدیی كردوەتەوە حكومەتێكی تەكنۆكرات دروست دەكات و وەزیرەكان لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی دادەنێت.
ئەحمەدی حاجی رەشید بە ئاژانسی هەواڵی عیراقییەی وتوە، ئەو فراكسیۆنە كوردیانە كە بە (گروپی15 ناسراون) كۆبونەوەیەكیان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەللاوی ئەنجامداوە بۆ زانینی شێوەی حكومەتی داهاتو و پشتگیریكردنی.
ئاماژەی بەوەشداوە، عەللاوی تەئكیدیكردوەتەوە حكومەتەكەی تەكنۆكرات دەبێت و ئەو وەزیرانەشی دایدەنێت لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی دەبن و دوو مەرجی بۆ داناون، یەكەمیان دەستپاك بێت و دووەمیان بەتوانا بێت.
سەبارەت بەوەی گروپی 15 داوای وەزارەتیان كردوە یاخود نا؟ ئەحمەدی حاجی رەشید وتویەتی "فراكسیۆنە كوردستانییەكان باسی وەزارەتیان نەكردوە لە كۆبونەوەكەدا، چونكە ئەو مەرجانەی عەللاوی گونجاوترینن بۆ دیاریكردنی وەزیرەكانی بۆئەوەی بەبێ‌ كۆت و بەند كاربكەن، هەروەها فراكسیۆنە كوردستانییەكان داواكاریەكانیان پێشكەشكردوە و ئەویش تەئكیدی كردوەتەوە گرنكە بابەتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە دوربگیرێت لەبابەتە سیاسییەكاندا، هەروەها باس لە شایستە داراییەكانی جوتیاران و خزمەتگوزاریە سەرەكیەكانیش كراوە و بۆچونی لەوبارەیەوە ئیجابی بوە".
 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group