ئاسایش ئەنجامی پشكنینی مادە زەردەكەی قەرەداغ ئاشكرادەكات

29/03/2020

نەوا
ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەپێی ئەنجامی ئەو پشكنینانەی لەلایەن تەندروستییەوە بۆ نمونەی پەڵە زەردەكەی قەرەداغ كراوە دەركەوتووە  چەند پێكهاتەیەكی كیمیاییە كە لەسروشتدا هەیە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیان و پشكنینی تەندروستی ئەو ماددە زەردەی لەسنوری قەزای قەرەداغ بینرا بڵاوكردەوەو رایگەیاند، چەند پەڵەیەكی زەردە لەقەرەداغ و شاخ و پێدەشتەكانیدا بینراوە.
ئاماژە بەوەكراوە، نمونەی ئەو پەڵە زەردانە وەرگیراوەو بۆ پشكنین رەوانەی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی كراوەو بەپێی پشكنینەكان ئەو مادە زەردە چەند پێكهاتەیەكی كیمیاییە كە لەسروشتدا هەیە و لەهەردوو مادەی دوانە ئۆكۆسیدی سلیكۆن و دوانە ئۆكسیدی كالسیۆم پێكهاتووە.
لە رۆژانی رابردوودا هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە كە مادەیەكی زەرد لە چەند ناوچەیەكی قەرەداغ بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوەشكرابو، كە پێدەچێت لە فڕۆكەوە مادەكە خرابێتەخوارەوە.
هاوكات رێكەوت زەكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە، سەبارەت بەو دەرمانە رەنگ زەردەی چەند رۆژی پێشوو لەچەند گوندێكی قەرەداغ بلاوبۆتەوە، خۆشبەختانە ئەنجامی پشكنینەكان دەریخست كە ماددەیەكی مەترسیدار نییەو هیچ زیانێكی بۆسەر تەندروستی نییە.

 




شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group