دوكانداران و كاسبكارانی ناوبازاڕی هەولێر داوای كردنەوەی دوكانەكانیان دەكەن

18/04/2020

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
ئەمڕۆ 18-4-2020 بەشێك لە كاسبكارانی بازاڕی سەنتەری شاری هەولێر لە خۆپیشاندانێكدا داوای كردنەوەی دوكان و بازاڕەكانیان كرد، كە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە زیاتر لە مانگێكە داخراون.
لەوبارەیەوە سیروان جەمیل عیسا وەك نوێنەری خاوەن دوكانەكانی سەنتەری شار بە رادیۆ نەوای وت "تائێستا پابەندی رێنماییەكان بوین، بەڵام چیتر ناتوانین چاوەڕوان بین دوكانەكانمان داخراوبێت، چونكە زیانێكی زۆرمان بەردەكەوێت".
وتیشی "بۆ نەورۆز پارەیەكی زۆرمان بە جلوبەرگ داوە، كە هیچمان لێ نەفرۆشتوە، ئەمەش دەمێنێتەوە و دەبێت بە زەرەر بیفرۆشینەوە، بۆیە داوادەكەین دوكان و بازاڕ لەكاتێكی دیاریكراودا بكەینەوە و ئێمەش ئەو پارەیەی هەمانەو بە كەلوپەلمان داوە، بێتەوە دەستمان".
لەلایەكی دیكەوە خاوەن دوكانەكانی قەیسەریی هەولێر بەتایبەتی قوماش فرۆشەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، قوماشێكی زۆریان كڕیوە و ئەو پارەیەی بویانە هەمویان بە قوماش داوە، ئەگەر داخستنی بازاڕ بەردەوام بێت هەمویان زیانێكی زۆریان بەردەكەوێت، چونكە هەموو خاوەن دوكانەكان بەوشێوەیە بەهۆی گۆڕانی وەرز و هاتنی نەورۆز كاڵای تازەیان هێناوە و تائێستا هەر وەك خۆیەتی، بەشێكی دوكانەكانیش بەهۆی ئەوەی خواردەمەنییان هەیە، بەهۆی بەسەرچونی ماوەكەیان، زیانیان پێ دەگات.

لەلایەكی دیكەوە هەر لە شاری هەولێر دوكاندارانی پیشەسازیی باكور داوای كردنەوەی دوكانەكانیان دەكەن، ژمارەیەك لە دوكاندان رژانەسەر شەقام و هێزە ئەمنییەكانیش هەوڵی بڵاوەپێكردنیاندان.
لای خۆیەوە رەنجبەر عەبدولڕەزاق خاوەنی یەكێك لە دوكانەكانی پیشەسازیی باكور بەرادیۆ نەوا وت "ماوەی زیاتر لە مانگێكە ئەو دوكانانەی پیشەسازیی باكور، كە زیاتر لە سێ هەزار دوكانن، داخراون و نزیكەی پێنج هەزار خێزان بێ داهات بون".
باسی لەوەشكرد، سەرباری ئەوەی دوكانەكانیان داخراوە، بەڵام حكومەت و كۆمپانیاكانی نزیك لە بەرپرسانی حكومەت لە پارەی خۆیان خۆشنابن وەك كرێی پاسەوانی و ئاو و كارەبا، رۆژی بەر لە داخرانی دوكانەكانیان 240 هەزار دیناری كرێی تابلۆی داوە بە شارەوانی و ئێستاش داوا لەپارێزگاری هەولێر دەكەن رێگەی كردنەوەی دوكانەكانیان بدەن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group