په‌رله‌مانتارێكی پارتی: هه‌ر منداڵێكی عیراقی له‌دایكببێت نزیكه‌ی سێ هه‌زار دۆلار قه‌رزار ده‌بێت

23/09/2020 عێراق

نه‌وا
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عیراق له‌ فراكسیۆنی پارتی  ده‌ڵێت، ئەگەر بڕی قەرزەکانی سەر عێراق بەسەر دانیشتوواندا دابەشبکەیت هەر تاکێک و منداڵی لەدایکبوویش نزیکەی 3 هەزار دۆلار قەرزار دەبێت.
 ئەحمەد سەفار په‌رله‌مانتاری پارتی و بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی عێراق بە ساتی رووداوی راگەیاندوه‌، عێراق قەرزێکی زۆری لەسەر کەڵەکە بووە و دەرچوون لەژێر ئەو بارە پێویستی بە کاتێکی زۆر دەبێ.
 بەپێی زانیارییەکانی بریاردەری لیژنەکە ئێستا عێراق 23 ملیار دۆلاری دەرەکی قەرزارە، قەرزە کەڵەکەبووەکانی بەر لە ساڵی 2003ـیش نزیکەی 41 ملیار دۆلارن و قەرزە نێوخۆییەکانیشی گەیشتوونەتە 40 تریلیۆن دینار.
 ئەحمەد سەفار ئاماژەی به‌وه‌شكردووه‌، "ئەگەر ئەم قەرزەش تێكڕا دابەشبکەین بەسەر ژمارەی دانیشتووانی عێراقدا، هەر تاکێک زیاتر لە 3 هەزار دۆلار قەرزار دەبێت و هەر منداڵێکیش کە لە دایک دەبێت نزیکەی 3 هەزار دۆلار قەرزار دەبێت."
 بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە ش کرد، حکومەت لیژنەیەکی تایبەتی بۆ چاکسازی پێکهێناوە و دەبێت ئەو چاکسازییەش بکات، چونکە حكومه‌ته‌کانی پێشووتری عیراق ئابووریی وڵاتیان لە ئابوورییەکی بەرهەمهێنەوە گۆڕیوە بۆ به‌كارهێن و  تاکە سەرچاوەی داهاتیش نه‌وته‌ و داهاتی نانه‌وتی ناگاته‌ 5٪.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group