خانمێک به‌شێوه‌ی فه‌رمی له‌یانه‌یه‌كی پیاوان ده‌ست به‌مەشقی تۆپی پێی ده‌كات

24/09/2020 وەرزش

نه‌وا

یوکی ناگاسۆتۆی خانمە یاریزانی ژاپۆنی دوای ئەوەی پەیوەندی بە یانەیەکی کوڕانەوە کرد، یەکەم مەشق و راهێنانی لەگەڵ یانە نوێیەکەیدا ئەنجامدا، ئه‌وه‌ش بۆ یه‌كه‌مجاره‌ خانمێك له‌یانه‌یه‌كی پیاوان یاری بكات.

 یوکی ناگاسۆتۆی، کە بەهۆی براکەیەوە پەیوەندی بە یانەی "هایابوسا ئالڤینی" وڵاتەکەیەوە کرد، لە یەکەم مەشقی یانە نوێیەکەیدا دەرکەوت، ناوبراو دوای ئەنجامدانی مەشقەکانیش لە لێدوانێکدا رایگه‌یاندوه‌، "ئەم کارەی من هەنگاوێک بەرەوپێشچوونە لە قسەکان".
یوكی له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی ئاماژه‌ی به‌وته‌كانی مێگان راپینۆی، کاپتنی خانمانی هەڵبژاردەی ئەمریکا كردوه‌، كه‌ پێشتر رایگه‌یاندبوو، "خانمانیش دەبێت لەگەڵ کوڕان هاوسەنگ بن لە تۆپی پێدا".
وتیشی: دەمەوێت لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆی ساڵی داهاتوودا بەشداربم و پێشانی جیهانی بدەم، کە کچانیش دەتوانن هاوشانی کوڕان لە نێو یاریگادا یاریبکەن.
جێی باسه‌، ناگاسۆتۆی ته‌مه‌ن 33 ساڵ، كه‌ له‌ ساڵی 2004ه‌وه‌ یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ژاپۆن ده‌كات، لە ساڵی 2011دا لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاته‌كه‌ی بووەتە پاڵەوانی جیهان، ناوبراو تائێستا 132 یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ژاپۆن ئه‌نجامداوه‌ و 58 گۆڵیشی تۆمار كردووه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group