پەرلەمانتارێك: هەڵبژاردنی پێشوەخت لە مانگی حوزەیراندا تەنها خەیاڵە

26/09/2020 عێراق

نەوا
عەبدولهادی موحان ئەندامی پەرلەمانی عیراق پێی وایە، هەڵبژاردنی پێشوەخت لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتودا تەنها خەیاڵە و چەندین كوسپ و تەگەرە رێگرن لەبەردەم ئەنجامدانی لەو وادەیەدا.
ئەو پەرلەمانتارەی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردوە، دەربڕینی هەڵبژاردنی پێشوەخت شتێكی ناڕاستە و وشەیەكە جێی مشتومڕە و جدی نییە، تەنانەت حكومەتیش، كە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوی بۆ ئەنجامدانی دیاریكردوە، جدی نییە لە دەستنیشانكردنی ئەو كاتە.
ئاماژەی بەوەشداوە، یەكێك لە رێگرییەكانی بەردەم هەڵبژاردن، نەبونی بارودۆخێكی ئەمنیی گونجاوە لە پارێزگاكاندا و سەقامگیری نییە، بابەتێكی دیكەش یاسای دادگای فیدراڵییە و پێیانوایە تێپەڕاندنی قورسە و بەبێ‌ ئەو یاسایەش دادگای فیدراڵی نییە، بەهۆی ئەوەشەوە هەڵبژاردن نابێت، چونكە ناكرێت پشت بە هیچ ئەنجامێكی هەڵبژاردن ببەسترێت بەبێ‌ ئەوەی دادگای فیدراڵی پەسندی بكات.
ئەو پەرلەمانتارەی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا ئەوەشی رونكردوەتەوە، گرفتێكی دیكەی بەردەم پرۆسەكە، یاسای هەڵبژاردنەكانە، كە گفتوگۆ و ناكۆكی گەورە هەیە لەسەری، تائێستاش هیچ بڕە پارەیەك بۆ تەواوكردنی رێوشوێنە لۆجستییەكانی هەڵبژاردن دابین نەكراوە.
عەبدولهادی موحان پێشی وایە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە مانگی حوزەیرانی داهاتودا، تەنها خەیاڵە و هیچ دنیابینییەكی ئاشكرا بۆ پرۆسەی سیاسی و ئەمنی لە وڵاتدا نییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group