لیژنەی دارایی پرۆژەیاسای قەرز تاووتوێدەكات كە پەیوەستە بە موچە و 320 ملیار دینارەكە

27/10/2020 عێراق

نەوا
ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق كۆدەبێتەوە و پرۆژەیاسای قەرز تاوتوێدەكات، كە تێپەڕاندنی یاساكە پەیوەستە بە موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵەوە.
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردوە، ئەمڕۆ سێشەممە لیژنەی دارایی پەرلەمان كۆدەبێتەوە، حەسەن كەعبی جێگری سەرۆكی پەرلەمان سەرپەرشتیی كۆبونەوەكە دەكات، تیایدا گفتوگۆ دەكرێت لەبارەی پرۆژەیاسای "پاڵپشتیی دارایی بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە"، كە لەلایەن حكومەتەكەی مستەفا كازمیەوە پێشكەشكراوە و پەرلەمانیش خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كردووە، ئێستاش لای لیژنەی داراییە بۆ تاوتوێكردن و ئامادەكردنی بۆ خوێندنەوەی دووەم و دەنگدان لەسەری.
پێشتر جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بە "نیو كاژێر"ی رادیۆ نەوای راگەیاندبوو، پەرلەمانی عیراق بڕی ئەو قەرزەی حكومەت لە یاساكەدا داوایكردووە، كە 41 تریلیۆن دینارە، كەمدەكاتەوە بۆ 20 تریلیۆن دینار، بەو پێیەی حكومەت تا كۆتایی ئەمساڵ پێویستی بە 36 تریلیۆن دینارە، 16 تریلیۆن داهاتی دەبێت، بۆیە تەنها پێویستی بە 20 تریلیۆن دینار دەبێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان و دابەشكردنی موچەی سێ مانگی داهاتوو.
تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای قەرز پەیوەندیی بە هەرێمی كوردستانیشەوە هەیە، بەو پێیەی پەیوەستە بە ئەگەری ناردن و نەناردنی 320 ملیار دینارەكە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group