نەوا
دەستەی دەسپاكی هەرێم ئاماری كاركردنی ئەمساڵی لەسەر روبەڕوبونەوەی گەندەڵی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، 85 دۆسیەی گەندەڵی رەوانەی دادگاكان كراون، 26 كەس سزادراون، لێكۆڵینەوەش لەسەر 682 دۆسیەی دیكە دەكەن.
حاكم ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكی لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە هەولێر داتاكانی ئاشكراكرد و رایگەیاند، تا ناوەڕاستی مانگی 11 وردبینیكردنی لە دۆسیەی فەرمانبەران 40%ـی تەواوكراوە، پرسی یەكخستنەوەی فایلی خانەنشینی پێشمەرگە و ژمێریاری یەكەكانی 70 و 80 تائێستا هەنگاوێكی ئەوتۆی لێ نەچووەتە پێش. سەبارەت بە وردبینیكردن لە دۆسیەی دادوەران و شارەزایانیش، دۆسیەی شارەزایان كە 434 دۆسیە بوە، تەواوكراوە و بڕی 350 ملیۆن دینار گەڕاوەتەوە، دۆسیەی دادوەرانیش 40%ـی تەواو بوە.
وتیشی "ئەمساڵ 68 داوای هەواڵدەریمان هەبووە، هی ساڵانی پێشوو 193 داوای هەواڵەدەریمان هەبووە، ئێستا 261 داوای هەواڵدەری لەلایەن دەستەی دەستپاكییەوە لێكۆڵینەوەیان تێدا دەكرێت".
لەبارەی داوای سزاییش ئاماژەی بەوەكرد، ئەوانەی ئەمساڵ تۆماركراون 163 داوای سزاییە، هی ساڵانی رابردوو 218 داوای سزایی بوون، كە دەكاتە 381 داوای سزایی.
هەروەها حاكم ئەحمەد ئەنوەر رایگەیاند، كۆی ئەو داوایانەی بە هەواڵدەری و سزایی لای دەستەی دەسپاكی لێكۆڵینەوەیان تێدا دەكرێت، 682 كەیسی گەندەڵییە.