نەوا-
گۆڕانكاریی لەشوێنی ژمارەیەك بازگەی سنوری ئیدارەی گەرمیان ئەنجامدرا، سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنیش رایگەیاندوە، گۆڕانكارییەكە بەپێی پلانێكی ئەمنی بوەو هەمو سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكان دەگرێتەوە.
سەرچاوە ئەمنییەكە بە سایتی فەرمی یەكێتی وتوە: ئەو گۆڕانكاریەی ئەنجامدراوە دەرەنجامی پلانێكی ئەمنی تۆكمەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانە لەلایەن لیژنەیەكی ئەمنی پسپۆڕەوە ئەنجامدراوەو تەنها ئیدارەی گەرمیان ناگرێتەوە بەڵكو سنوری پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی راپەڕین دەگرێتەوە.
ئاشكراشیكردوە: بڕیاردراوە بازگەی عەربەت بگوازرێتەوە بۆ ئەودیو شەقامی 100 مەتری سلێمانی و بازگەی بانی مەقانیش دەبرێتە قەرەهەنجیرو گۆڕانكارییەكان بۆ پاراستنی زیاتری هەرێمی كوردستان و پاراستنی ئاسایشەكەیەتی، هۆكاری گۆڕانكارییەكان بۆ گۆڕانكاریی لە تۆپۆگرافیای شار و شارۆچكەكان و فراوانبونی ژمارەیەك لە شەقامەكان دەگەڕێتەوە.