وەزارەتی دارایی عیراق كۆبوونەویەكی فراوان پەیوەست بە دابەزاندنی بەهای دینار رێكدەخات

08/01/2021 عێراق

نەوا 
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، بەرنامەیەك بۆ زیادكردنی سود و قازانجەكان لە رێكارەكانی دابەزاندنی بەهای دینار رادەگەیەنێت و لە هەفتەی داهاتوشدا كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان بۆ ئەو مەبەستە ساز دەكات كە ئامانج لێی پاراستن و پشتیوانی لە هەژار و كەمدەرامەتانی وڵاتەكەیە.
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوەكردووە، هەندێك رێكار هەن بۆ زیادكردنی كاریگەرییە ئەرێنییەكانی دابەزاندنی بەهای دینار دەگیرێنە بەر، كە بەهۆی هەستیاریی بابەتەكان ناتوانرێ ئاشكرا بكرێن.
وەزارەتی دارایی عێراق هەروەها رایگەیاندووە، هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی كۆبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ ئابووریناسان رێك دەخات و سیاسەتی خۆی بۆ زیادكردنی كاریگەرییە ئەرێنییەكانی دابەزاندنی بەهای دینار، دادەڕێژێت.
هەروەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی هیواخوازە كۆبوونەوە فراوانەكە هاوكات بێ لەگەڵ گفتوگۆكانی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021.
ئامانجی كۆبوونەوە فراوانەكەی وەزارەتی دارایی، وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە پاراستنی هەژار و كەمدەرامەتانی عێراقە.
مانگی رابردوو بانكی ناوەندیی عێراق بڕیاری دابەزاندنی بەهای دیناریدا ئەوەش لە پێناو زاڵبوون بە سەر قەیرانی دارایی و كورتهێنانی بودجەدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group