موسەوی: قسەكانی فوئاد حسێن جێی شەرمە

27/02/2021 عێراق

نەوا-
موختار موسەوی ئەندامی لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق سورسوڕمانی خۆی لە قسەكانی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە پیشان دەدات سەبارەت بە میلیشیا چەكدارەكان و دەڵێت: قسەكانی جێی شەرمە.
موختار موسەوی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردوە: تۆمەتباركردنی هێزە بەرگرییەكان لە بەرژەوەندی داگیركاری ئەمریكایە لە عێراق و لەسەر وەزیری دەرەوەی پێویستە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران جێبەجێ بكات بە دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا.
باسی لەوەشكردوە: بۆردومانی ئەمریكی بوە هۆی شەهیدكردنی سەركردەكانی بەرگری، هەروەها پێگەكانی حەشدی شەعبی كرانە ئامانج، ئایا پێویست ناكات وەزارەتی دەرەوە لە دادگای نێودەوڵەتی لاهای سكاڵا تۆمار بكات، لەكاتێكدا تۆمەتباران دیارن و خۆیان دانیان پێدا ناوە.
ئەندامەكەی لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوە ئەوەشی رونكردوەتەوە: لێدوانەكانی وەزیری دەرەوە لایەنگری ئەمریكییەكانە و هاندانە بۆ بەئامانجگرتنی گروپە بەرگرییەكان و جێی شەرمە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group