كازمی: تانە لە چەند بڕگەیەكی بودجە دەدەین

پێش 3 هەفتە عێراق

نەوا
سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە دادگای فیدڕاڵی تانە لە چەند بڕگە و ماددەیەكی یاسای بودجە دەدەن، بەهۆی ئەوەی رێگرە لەبەردەم بوژانەوەی كەرتی كارەبا و تەندروستی و چەند كەرتێكی دیكەدا.
بەگوێرەی راگەیاندراوی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندوە، " لە دادگای فیدڕاڵی تانە لە چەند بڕگە و ماددەیەكی یاسای بودجە دەدەن، لەبەرئەوەی كاریگەری نەرێنی لەسەر كەرتی كارەبا و تەندروستی و چەند كەرتێكی دیكە دروستدەكەن".
لە راگەیەندراوەكەدا ئەو بڕگە و ماددانە نەخراونەتەڕو كە بڕیارە حكومەتی عێراق لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تانەیان لێبدات.
 كازمی باسی لەوەشكردووە، "كاتێك ئەركی بەڕێوەبردنی وڵاتمان گرتەدەست روبەروی ئاڵەنگاری زۆر بوینەوە، عێراقیش بەبارودۆخێكی سەختدا تێپەڕیبو، قەیرانی دارایی و پەتای كۆرونا سەریهەڵدابو، بەڵام توانیمان ئەو قەیرانانانە تێپەڕێنین، لە كاتێكدایە هەندێك لایەن گرەویان لەسەر ئەوە دەكرد، وڵات روبەروی شەری ناوخۆ دەبێتەوە بەڵام ئەوە روینەدا".
كۆتایی مانگی رابردوو پەرلەمانی عێراق یاسای بودجەی ساڵی 2021ی پەسەند كرد، كە بە بڕی 129 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە و بڕی كورتهێنانیش بە 28 ترلیۆن دینار دیاریكراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group