به‌رپرسێكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی موچه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

15/05/2021

نه‌وا
یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ کاروباری وەبەرهێنان و راژە رایگەیاند، تا ئێستا بڕیار لەسەر لێبڕینی موچەی ئەم مانگە نەدراوە و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌.
رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ کاروباری وەبەرهێنان و راژە له‌ لێدوانێكدا باسی له‌وه‌كردووه‌، تا ئێستا ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی ئەوەی موچەی ئەم مانگە بە لێبڕینەوە یان بەبێ لێبڕین دابەشبکات بڕیاری نەداوە، دەشڵێت، "چاوەڕێین بەغدا بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت."
رێباز حەملان ئاماژەی بەوەشكردووە، رۆژی 19ی ئایار ئەنجومەنی وەزیران لەسەر موچەی ئەم مانگە کۆدەبێتەوە و تائێستاش روون نییە کە "ئایا بە لێبڕینەوە دابەش دەکرێت یان نا."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، وەزارەتی دارایی سەرجەم داهاتەکان کۆدەکاتەوە و ئەمەش یارمەتی حکومەت دەدات بۆ بڕیاردان لەسەر موچە.
یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ کاروباری وەبەرهێنان و راژە له‌ لێدوانه‌كه‌یدا بۆ سایتی ئێن ئاڕ تی باسی له‌وه‌كردوه‌، "لە پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمدا باسی لێبڕینی موچەی تێدا نییە."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group