زانیاری نوێ لە بارەی وادەی دابەشکردنی مووچە بڵاودەکرێتەوە

17/07/2021

نەوا
وەزارەتی دارایی پلانی داناوە راستەوخۆ لە دوای جەژنی قوربانەوە دەست بەدابەشکردنی مووچە بکات و لە ماوەی پێنج رۆژدا مووچەی مانگی تەممووزی سەرجەم شوێنەکان دابەش دەکرێت.

 بەپێی وتەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی، ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی راستەوخۆ و دوای جەژنی قوربان، لە 25ی تەممووزدا دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.
باسی لەوەشکردووە، دووای گەیشتنی 200 ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ سەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێم، دەسەڵاتی خەرجکردنی بە وەزارەتی دارایی دراوە و گەڕانەوەی داهاتی ناوخۆییش بەردەوامە، بۆیە پلانیان داناوە لە ماوە پێنج رۆژدا موچەی سەرجەم وەزارەت و دەستە و خانەنشینان دابەش بکەن.
ئەو سەرچاوەیە سەبارەت بە پرسی لێبڕینیش وتی، تائێستا ئەنجومەنی وەزیران لەو بارەوە بڕیاری نەداوە، پێدەچێت بەر لە دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە کۆببێتەوە و کۆتا بڕیاری لەبارەوە بدات.
جێی باسە مانگی حوزەیران دابەشکردنی مووچە دواکەوت و هۆکارەکەشی بۆ نەگەڕانەوەی داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی گەڕێنرایەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group