لە نزیك سنورەكانی سوریا هێرشكرایە سەر حەشدی شەعبی

15/09/2021 عێراق

نەوا-
بەپێی چەند سەرچاوەیەك لە نزیك دەروازەی سنوری ئەلبوكەمال لە رۆژئاوای عێراق هێرش كراوەتەسەر هێزەكانی حەشدی شەعبی، هاوكات ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش رەتیدەكەنەوە هێرشەكە لە لایەن ئەوانەوە ئەنجام درابێت.
میدیاكانی سەر بە حەشدی شەعبی بڵاویان كردەوە، فڕۆكە جەنگیەكان و فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی ئەمریكا كاروانێكی ئۆتۆمبێلەكانی حەشدی شەعبیان لە نزیك دەروازەی سنوری ئەلبوكەمال لە سەر سنوری عێراق و سوریا كردوەتە ئامانج و بە هۆیەوە دوو ئۆتۆمبێل تەقێنراونەتەوە، بەڵام هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.
لای خۆیەوە روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، لە كاتی پەڕینەوە كاروانێكی ئۆتۆمبێلەكانی حەشدی شەعبی بۆ ناو خاكی سوریا لە رێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە كراونەتە ئامانج و هێرشەكە كوژراو و برینداری لێكەوتوەتەوە.
لای خۆیەوە وەین مارۆتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاندووە، هێزەكانیان هیچ هێرشێكی ئاسمانیان لە ناوچەی ئەلبوكەمال ئەنجام نەداوە و بە هەمان شێوە وتەبێژێك بە ناوی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكاش لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی عەرەبییە رەتیكردوەتەوە بەشداربووبن لەو هێرشەی كراوەتە سەر حەشدی شەعبی لە نزیك سنورەكانی سوریا.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group