تاڵیبان بۆ نەتەوەیەكگرتوەكان: هاوكارییە داراییەكان رادەستی ئێمە بكەن

15/09/2021 جیهان

نەوا-
وەزیری دەرەوەی تاڵیبان بە وەكالەت داوا لە نەتەوەیەكگرتوەكان دەكات هەمان ئەو هاریكارییە داراییەی پێشتر پێشكەشی حكومەتی ئەشرەف غەنیان دەكرد رادەستی ئەوانی بكات، بۆ ئەوەی فەرمانگە و دامەزراوەكانی حكومەت بكەونەوە سەر پێی خۆیان و كارا بكرێنەوە.
لە نامەیەكدا بۆ نەتەوەیەكگرتوەكان ئەمیرخان موتەقی وەزیری دەرەوەی تاڵیبان بە وەكالەت هەوڵەكانی نەتەوەیەكگرتوەكانی لە كۆبوونەوەی جنێڤدا بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری دارایی مرۆڤدۆستانە بۆ ئەفغانستان بەرزنرخاندووە.
موتەقی لەو نامەیەدا داوای كردووە، ئەو هاوكاریانە هاوشێوەی هاوكارییەكانی پێشووی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كە پێشكەش بە حكومەتی ئەفغانستان بە سەرۆكایەتی ئەشرەف غەنی دەكران، رادەستی تاڵیبان بكرێن، بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی كارمەندانی دەوڵەت بدات و سەرلەنوێ ژنان و پیاوان بگەڕێنەوە سەركارەكانیان و فەرمانگەكانی دەوڵەت چالاك بكرێنەوە.
باسی لەوەشكردووە، تاڵیبان ئەو هاوكاری و كۆمەكانە بۆ بوارەكانی گەشەپێدان، پەروەردە و تەندورستی تەرخان دەكات.
وەزیری دەرەوەی تاڵیبان بە وەكالەت داوای گەڕانەوەی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانیشی كردووە بۆ ئەفغانستان و بەڵێنی داوە بەربەستەكانی بەردەم كاركردنیان هەڵدەگرن و سەرجەم كارمەندەكانیشیان دەپارێزن.
لە كۆبوونەوەی جنێڤدا كە لە لایەن نەتەوەیەكگرتوەكانەوە رێكخرابوو، وڵاتانی بەشدار بەڵێنیانداوە زیاتر لە یەك ملیار دۆلار وەك هاوكاری مرۆیی پێشكەش بە ئەفغانستان بكەن.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group