پۆلیسی هەولێر چۆن بكوژی سەرنیشنی تەكسیەكەیان دۆزیەوە؟

13/10/2021

نەوا-
عەمید دلێر نەجاڕ بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاشكرای كرد، ئەو شۆفێری تەكسیەی هاوڵاتییەكەی لەسەر كرێ كوشتبوو دەستگیر كراوە، وتەبێژی پۆلیسیش دەڵێت، لە رێگەی كامێرای چاودێریەوە تەنانەت ماڵی بكوژەكەش دۆزراوەتەوە.
عەمید دلێر نەجاڕ رایگەیاند،  دوای كەمتر لە 24 كاتژمێر هێزەكانیان توانییان ئەو شۆفێری تەكسییە دەستگیربكەن، كە لەسەر كرێ كۆتایی بە ژیانی سەرنشینێكی تەمەن 20 ساڵ بەناوی "بارزان نەسروڵڵا ئەحمەد" هێنا.
لای خۆشیەوە هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاندووە، كوژراوەكە گولـلەكە بەر سەری كەوتووە و دوای ئەنجامدانی تاوانەكە بكوژەكە هەڵاتووە، سەرنشینەكە پێشمەرگە بووە و خێزاندارە، توانیویانە لەرێگەی كامێرای چاودێرییەكان تەنانەت ماڵی تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیركراوە.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، هەروەها بكوژەكەش پێشمەرگە بووە و كاری تەكسیی كردووە، ئەو چەكەش كە تاوانەكەی پێ ئەنجامدراوە دەستی بەسەردا گیراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group