دوای 6 كاتژمێر روبەڕوبونەوەی چەكداری 7 بازرگانی مادەی هۆشبەر لە نەجەف دەستگیر كران

26/10/2021 عێراق

نەوا-
دوای 6 كاتژمێر لە رووبەڕووبونەوەی چەكداری، هێزە ئەمنییەكانی عێراق 7 بازرگانی مادەی هۆشبەریان لە پارێزگای نەجەف دەستگیر كرد، كە دەستیان لە چەندین تاوانی كوشتن و هێرشی چەكداریدا هەبووە.
سەرچاوەكانی هەواڵی عێراقی بڵاویانكردووەتەوە، دوای ئەوەی زانیاری گەیشتووەتە دەست هێزە ئەمنییەكانی پارێزگای نەجەف كە بازرگانێكی مادە هۆشبەرەكان لە خانوویەكدایە، هێزێكی ئەمنی رەوانە كراوە.
ئەوەش هاتووە، لە خانووەكەدا ژمارەیەك چەكداری تێدا بووە و روبەڕووی هێزە ئەمنییەكان بوونەتەوە و رووبەڕوبونەوەكەش 6 كاتژمێری خایاندووە.
بەپێی وتەی سەرچاوەكان، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەكان بارودۆخەكەیان كۆنترۆڵ كردووە 7 بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیر كراون، دواتر لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووە ئەو كەسانە دەستیان لە چەندین كردەوەی كوشتن و هێرش كردنە سەر هێزە ئەمنییەكان هەبووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group