شارەزایان: ڤاكسینە فەرەنسیەكە چارەسەری جادوییە دژی ئۆمیكرۆن

28/11/2021 جیهان

نەوا-
شارەزایانی تەندروستی بەریتانیا ئاشكرایان كرد، ئەگەری هەیە ڤاكسینی "ڤالنیڤا"ی فەرەنسی چارەسەری جادویی نەوەی نوێی كۆرۆنا ناسراو بە "ئۆمیكرۆن" بێت، چونكە جیاوازە لە ڤاكسینەكانی تری كۆرۆنا.
رۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی لە زاری شارەزایانی تەندروستییەوە بڵاویكردووەتەوە، پێشبینی ئەوە دەكەن ڤاكسینی "ڤالنیڤا"ی فەرەنسی دژی نەوەی "ئۆمیكرۆن"ی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەر بێت، چونكە چەندین تایبەتمەندیی جیاوازی لە ڤاكسینەكانی تر هەیە.
رونیشكراوەتەوە، ژەمی یەكەمی ڤاكسینە فەرەنسییەكە ئامادەیە و ئەو ڤاكسینە لە ڤایرۆسی لەكارخراو دروست كراوە و ناشبێتە هۆی نەخۆش كەوتن و لە رێگەی ناساندنی سیستمی بەرگری جەستە بە ڤایرۆسەكە كار دەكات.
بەپێی وتەی شارەزایان، بەهۆی ئەوەی ڤالنیڤا رێژەیەكی زۆر ڤایرۆسی لەكارخراوی تێدایە و بە شێوەیەكی قوڵ سیستمی بەرگری جەستە بە ڤایرۆسەكە دەناسێنێت، پێیان وایە بەرگری زیاتر دژی نەوە گۆڕاوەكانی كۆرۆنا دەكات.
لای خۆیەوە پرۆفیسۆر "ئادەم فین" ئەندامی گروپی راوێژكاری حكومەتی بەریتانیا وتویەتی، بەڵگەی بەهێز هەیە كە یەك ژەمی ڤاكسینەكە دەتوانێت بەرگری دژی نەوە نوێكەی كۆرۆنا دروست بكات.
لە تاقیكردنەوەكاندا كە هەفتەی رابردوو لەسەر ڤاكسینی "ڤالنیڤا" كراوە، دەركەوتووە 95% چالاكە دژی كۆرۆنا و لەسەر 4 هەزار كەسیش تاقیكراوەتەوە و هیچ حاڵەتێكی نەخۆشكەوتن بەهۆی ڤاكسینەكەوە تۆمار نەكراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group