پۆلیسی هەولێر: شەش لە ئۆتۆمبێلە براوەكان دەستیانبەسەردا گیراوە

15/01/2022 عێراق

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، دوو تۆمەتباری سەرەكیان لەسەر روداوی بردنی هەشت ئۆتۆمبێل دەستگیر كردوە.
لە راگەیەنراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بڵاویكردۆتەوە، دوای ئەوەی لە رۆژی 13-1 تاوانێكی فرت و فێڵ لەناو شاری هەولێر رویدا، كەوا كۆمپانیایەك بەمەبەستی بەكرێدانی ئۆتۆمبێل (8) ئۆتۆمبێل لە جۆری (لاندگرۆزەر) لە هاووڵاتیان بردبوو، دوای ئاگاداركردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەو رووداوە كرایەوەو فەرمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارو دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەكان دەرچون.
لەبەشێكی تردا پۆلیسی هەولێر راشیگەیاندوە، بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بەهەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر توانیان دوو تۆمەتباری سەرەكی بەناوەكانی (م. ا. ا.) و (ئـ. ع. چ.) كە تاوانەكەیان ئەنجامدابو دەستگیر بكەن لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی (6) ئۆتۆمبێل، فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی دوو ئۆتۆمبێلەكەی تریش بڵاوكراوەتە بەمەبەستی دەست بەسەرداگرتنیان، هەروەها پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بەپێی ماددە (456) لە یاسای سزادان بۆ رێكخراوە، لەئێستادا بەپێی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی هەولێر راگیراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group