هاتوچۆی عیراق : تاوەكو پێنج ساڵی دیكە رێگە بەهاوردەكردنی ماتۆڕسكیل نا‌درێت.

27/01/2022 عێراق

نەوا-
محەمەد عەبدولكەریم بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی عیراق رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران بەشێوەیەكی سەرەتایی رەزامەندی دەربڕیوە كە تاوەكو پێنج ساڵی دیكە رێگە بەهاوردەكردنی ماتۆڕسكیل نەدرێت.
محەمەد عەبدولكەریم ئاشكرای كردوە، لە پێشنیازێكدا كە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كرابوو لەسەر راگرتنی هاوردە كردنی  ماتۆڕسكیل  بۆ ماوەی 2 بۆ 5 ساڵ، لەئێستادا ئەنجومەنی وەزیران بەشێوەیەكی سەرەتایی رەزامەندی دەربڕیوە تاوەكو 5 ساڵی دیكە رێگە بەهاوردەكردنی ماتۆڕسكیل نەدرێت.
بەرێوبەرەكەی هاتوچۆی عیراق باسی لەوەشكردوە، لەئێستادا نزیكەی 600 هەزار ماتۆڕسكیل بە هەموو جۆرەكانییەوە لە سەرانسەری عیراق هەیە، زۆربەی زۆریشیان لە بەغدای پایتەختن، ئەمەش وایكردوە قەرەباڵغیەكی زۆر دروست ببێت.
هاوكات شاخەوان محەمەد بەرپرسی مەرزی باشماخ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ووتویەتی، لە هەرێمی كوردستان هێنانی ماتۆرسكیل پێشتر قەدەغەكرابوو، دوای ئەوەی رێگەدرا بە هێنانی ماتۆڕسكیل، بەهۆی مەرجەكانەوە زۆر بە دەگمەن لە رێگەی دەروازە سنورییەكانەوە دەهێندرێنە ناو هەرێمەوە، هەموو ئەو ماتۆڕانەی دێنە هەرێمەوە لەرێگەی خواروی عیراقەوەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group