مەلا بەختیار: توشەرەفتان ئەوە شەرمەزاری نییە

08/05/2022

نەوا-
مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی بەرژەوەندی یەكێتی دەڵێت، لە هیچ شوێنێك خەڵك رێگە نادات حكومەت بەشداری لە یاد و ڤیستیڤاڵەكاندا بكات، توشەرەف لەوە شەرمەزاریتر هەیە؟، پێویستە حكومەت بەخۆیدا بچێتەوە.
مەلا بەختیار لەمیانی كۆڕێكدا لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی كە تایبەت بوو بە ئەنفال وتی، ئەم حكومەتە با ناڵێین ئێوە گەندەڵن، بەڵام توشەرەفتان لەوە شەرمەزاریتر هەیە؟ هەڵەبجە و گەرمیان نەیانهێشت بەشداری مەراسیمەكەیان بكەن، لە چەمچەماڵ بەردبارانیان كردن، ئەو رۆژە لە كۆیە وتیان قبوڵ ناكەین هیچ كەسێك لە حكومەت بێت بەشداری یادی ئەنفالمان بكات، قەڵادزێش نەیهێشت بەشداری بكەن لە ساڵیادی بۆردومانكردنی قەزاكە.
رونیشیكردووەتەوە، ئەم حكومەتە دەبێت بە خۆیدا بچێتەوە و ئەو هەڵوێستە باشترین و جوانترین و ئازاترین ناوچەكانی میللەتی ئێمەن و قبوڵ ناكەن بێن بەشداریان لەگەڵدا بكات، هەزار كەس ماستاویان بۆ بكات هێندەی كەسوكاری یەك شەهید و یەك ئەنفال كاریگەری لەسەر رای گشتی نییە، لەوەزیاتر چاوەڕوان مەبن ئەم حكومەتە شتی داهێنان و گەورە بكات بۆ ئەنفال و كیمیاباران و بۆ ناوچەكە، كۆتایی هاتوە، بەڕاستی ئەم عەقڵییەت و حوكمڕانییە لەناو بازنەیەكدایە نایەتە دەرەوە.
مەلا بەختیار لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتویەتی، نە بە حكومەت و نەبەم حزبانە ئەم برینە قوڵە كە گەیشتووەتە سەر مۆخ ساڕێژ نابێت، بەڕای من هونەرمەند و نوسەر و داهێنەرەكان لە حكومەت زیاتر خەم بخۆن و كار بكەن، نەوەی لەمەودوای كۆمەڵگە ئەوە نەوەیەیە نییە چاوەڕێ بكات دەسەڵات چی پێدەڵێت و چۆنی گەورە دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group