تەنها لە 24 كاتژمێردا 60 تۆن خۆڵ لە بەغدا باریوە

18/05/2022 عێراق

نەوا-
حسێن حوسەینی بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی پاراستن لە تیشكدانەوە لە وەزارەتی ژینگەی عیراق ئاشكرای كردووە، تەنها لە 24 كاتژمێردا 60 تۆن خۆڵ لە بەغدا باریوە.
حوسەینی بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی وتووە، رۆژی دووشەممە بەغدا روبەڕووی خراپترین پیسبوونی خۆڵی بووەتەوە لە جیهاندا، لە كاتژمێر 9ی بەیانیدا پیسبوونەكە لە بەرزترین ئاستیدا بووە.
رونیشیكردووەتەوە، هەڵسەنگاندنەكان بەپێی ژمارەی گەردیلەكانی خۆڵ لە یەك مەتر چوارگۆشەی هەوادا و بەپێی پێودانگی جیهانی و ئەمریكی و ئەوروپی كراوە، لە ماوەی 24 كاتژمێردا 60 تۆن خۆڵ لە بەغدا باریوە.
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی وەزارەتی ژینگە جەختی لەوەش كردووەتەوە، زۆرینەی شەپۆلەكانی خۆڵبارین لە دەرەوەی عیراقەوە دێن، هەروەها وشكەساڵی و بە بیابانبوون و كەمی پشتێنەی سەوز و روبەری سەوزایی كە ماوەیەكی زۆرە پشتگوێ خراوە خۆڵبارینەكەی زیاتر كردووە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group