دوای موچەی مانگی 4 راستەوخۆ موچەی مانگی 5 دابەش دەكرێت

18/05/2022

نەوا-
لیزا فەلەكەدین كاكەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، دابەشكردنی موچە ئاسایی دەكرێتەوە وەك پێشتر، هەوڵدەدرێت لەكاتی خۆیدا 25ی مانگ دەست بەدابەشكردنی موچە بكرێت و دوای تەواوبوونی موچەی مانگی چواریش یەكسەر دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی پێنج دەكرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی وتووە، بڕیاردراوە مەودای نێوان دابەشكردنی موچە كەم بكرێتەوە، ئەمەش بەو واتایەی هەوڵدەدرێت وەكو پێشتر موچە لەكاتی خۆیدا دابەشبكرێت، لەبەر رۆشنایی ئەمەشدا دوای تەواوبوونی دابەشكردنی موچەی مانگی چوار تەواوی دامودەزگا حكومی و سیادییەكان لە ماوەیەكی زۆر كەمدا دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی پێنج دەكرێت.
رونیشیكردووەتەوە، ئەم هەوڵەش بۆ مانگەكانی داهاتووش بەردەوام دەبێت تاوەكو لە رووی كاتەوە كاتی دابەشكردنی مووچە دەكەوێتەوە سەر باری ئاسایی خۆی.
لیزا كاكەیی جەختی لەوەش كردووەتەوە، هەر بڕیارێكی حكومەت لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندا بێت بە دڵنیاییەوە وەكو پەرلەمان پاڵپشتی لێدەكەن و وەكو لایەنی چاودێر هاوكار دەبن لە دیاریكردنی كەموكورتییەكان و دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ باشتر خزمەتكردنی هاوڵاتیانیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group