داوا دەكرێت رێگە نەدرێت ئاسمانی هەرێم بۆ دیپۆرت بەكاربهێنرێت

21/05/2022

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران لە دژی ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران لە بەریتانیا رایگەیاند، هەوڵی جدی دەدەن بۆ راگرتنی ناردنەوەی بەزۆری پەنابەران.
لە راگەیەنراوێكدا دەزگای لوتكە ئاماژەی بەوەكردوە، بەداخەوە لە هەلومەرجێكدا كە چەندین قەیرانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی بەرۆكی ئەم هەرێمەی گرتوە، پرسی بە زۆر ناردنەوەی پەنابەرانی عیراقی جارێكی دیكە قەیران بۆ كۆی پرۆسەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان زیاد دەكات، دەزگای لوتكە لە هەوڵی جدی و بەردەوامدا دەبێت بۆ راگرتنی دیپۆرتی زۆرەملێی پەنابەرانی كورد لە بەریتانیاوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، سەرجەم رێگا مەدەنییەكان دەگرنەبەر لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان فشار دروست ەكەن لەسەر نوێنەرایەتی وڵاتی بەریتانیا لە عیراق و رێگەنادەن بەو شێوە روونە پێشێلی مافەكانی مرۆڤ بكرێت، هاوكات روودەكەینە حكومەتی عیراق و بە فەرمی داوا دەكەین رێگا نەدرێت ئاسمانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی دیپۆرتی زۆرەملێ بەكاربهێنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group