بە ئامادەبونی شاندی هەرێمی كوردستان، وەزیری پلاندانانی عیراق سەرپەرشتی كۆبونەوەی لیژنەی تایبەت بە سەرژمێری دانیشتوانی عیراقی كرد.
لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی پلاندانانی عیراقدا خالید بەتال نەجم وەزیری پلاندانان رایگەیاندوە، لەو كۆبونەوەیەدا سیروان محەمەد سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری ئامادەیبون گفتوگۆ كراوە لەبارەی چەند پرسێكی گرنگی تایبەت بە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی، هەروەها وەزیری پلاندانان رایسپاردون بە زیادكردنی كاتەكانی كاركردن و ئاسانكاریكردن لەسەرجەم رێوشوێنەكاندا لەپێناوی دابینكردنەوەی ژینگەیەكی گونجاو بۆ ئەنجامدانی سەرژمێرییەكە لەوادەی خۆیدا كە پێشنیار كراوە لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2023 ئەنجامبدرێت.
ئاماژەشیكردوە، سەركەوتوبون لە دابینكردنی بودجەی تایبەت بە سەرژمێرییەكە كە هۆكارێك بوە بۆ دواكەوتنی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی.
لەبارەی گرنگی پرۆسەكەشەوە وەزیری پلاندانانی عیراق ئاماژەیكردوە، گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، چونكە زامنی دابەشكردنی سامانی وڵاتە بە دادپەروەریی بەپێی قەبارەی دانیشتوان لە پارێزگاكاندا، لەگەڵ هەرێمی كوردستان و سەرجەم پارێزگاكان هەماهەنگیمان هەیە بەپێی پلانێك بۆ هەمو قۆناغەكانی داهاتوو، لەداهاتودا دەستدەكرێت بە ئەنجامدانی سەرژمێری ئەزمونی لە چەند ناوچەیەكی پارێزگاكان كە دەستنیشان دەكرێن.