رەئیسی بۆ كازمی: ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل رەتدەكەینەوە

26/06/2022 عێراق

پاش سەردانەكەی بۆ سعودیە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق گەیشتە كۆماری ئیسلامی ئێران و لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران كۆبۆوە.
لەپاش كۆبونەوەكە كازمی و رەئیسی پرێس كۆنفرانسێكیان ئەنجامداو ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەیان ئاشكرا كردو سەرەتا كازمی رایگەیاند، هاتوین بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئێران كە پەیوەندیی مێژویی و بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە، ئێمە رێككەوتنین كە ئەو پەیوەندیانەمان پەرەپێبدەین  و ئاسانكاری زیاتر بۆ زیارەتكارانی چلە ئاسانكاری بكەین كە پێشتر ڤیزامان بۆ لابردن و سنوری وشكانیشمان بۆ كردونەتەوە. 
كازمی وتیشی: هەروەها لەگەڵ سەرۆكی ئێران گفتوگۆمان كرد لەبارەی ئەو هەڕەشانەی لەسەر ناوچەكە هەن و هەماهەنگی بكەین بۆ  كەمكردنەوەیان، هەروەها رێككەوتین كە كۆتایی بهێنرێت بە شەڕی یەمەن و رێككەوتن رابگەیەنرێت.
ئاماژەشیكرد، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆمان كرد كە بەهۆی شەڕی ئۆكرانیاو كاریگەرییەكانی هەوڵی هاوبەشبدەن تا روبەڕوی قەیرانی خۆراك ببنەوە.
لەلایەن خۆشیەوە سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند: لەگەڵ كازمی گفتوگۆمان كردوە لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەكانی نێوان هەردوو وڵات، باسمان لە دامەزراندنی هێڵی شەمەندۆفێری نێوان شەلەمچەو بەسرە كردو بڕیارماندا كارەكانی خێراتر بكرێن.
ئیبراهیم رەئیسی وتیشی: بەشێكی تری گفتوگۆكانمان لەبارەی دەستێوەردان بوە لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكەو تەئكیدمان كردەوە كە دەبێت وڵاتان گفتوگۆ بكەن بۆئەوەی كێشەكانیان چارەسەر بكەن، رەتمانكردوە وڵاتانی بێگانە دەستلەكاروباری ناوخۆی وڵاتان بدەن، هەروەها ئاسییكردنەوەی پەیوەندییەكانیشمان لەگەڵ ئیسرائیلدا رەتكردەوەو بونی ئەوان و بیانییەكان چارەسەری كێشەكان ناكەن و ئەوانن بونەتە كێشە لە ناوچەكەدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group