ژنێك وەك تۆڵەكردنەوە لە خۆشەویستەكەی 46 كەسی كوشت

7 رۆژ پێش ئێستا جیهان

نەوا-
دوای ئەوەی ژنێك لە تایوان وەك تۆڵەكردنەوە لە خۆشەویستەكەی 46 كەسی كوشت و 41ی تری بریندار كرد، ئەوەش دوای ئەوەی ئاگری بەردایە شوقەكەی، سزای زیندانی هەمیشەیی بۆ بڕدرایەوە.
سەرچاوەكانی هەواڵی تایوان بڵاویان كردووەتەوە، دوای ئەوەی ژنێك بەناوی "هوانگ كی كی" لە ساڵی 2021 ئاگری بەردایە شوقەی خۆشەویستەكەی، بەهۆیەوە ئاگرەكە تەشەنەی سەند و تەلارەكەی گرتەوە، لە ئەنجامی روداوەكەش 46 كەس گیانیان لەدەستدا و 41ی تر بریندار بوون.
ئەوەش هاتووە، رۆژی هەینی 5ی 8ی 2022 دادگای تایوان سزای زیندانی هەمیشەیی بۆ ئەو ژنە بڕیوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بە كوشتنی بە ئەنقەست تۆمەتبار كرا و تۆمەتەكەی بەسەردا ساخبوویەوە، دادگاش جەختی لەوە كردووەتەوە، تاوەكو ناوبراو لانیكەم 25 ساڵ لە زیندان بەسەر نەبات بەهیچ مەرجێك ناتوانرێت ئازاد بكرێت.
سەرچاوەكانی هەواڵ ئاماژەیان بەوەشداوە، هۆكاری رووداوەكە ئەوە بووە كە ژنەكە هەستی بەوە كردووە كە خۆشەویستەكەی ناپاكی لەگەڵدا دەكات، هەستاوە بە داگیرساندنی بخوردێكی تایبەت بە دەركردنی مێشولە و لەسەر پێخەفی خۆشەویستەكەی جێی هێشتووە، دوای كەوتنەوەی ئاگرە تەواوی تەلارەكە ئاگری گرتووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group