ئەنجومەنی دادوەریی ئاماری توندوتیژی خێزانی لە عیراق بڵاوكردەوە

پێش 2 هەفتە عێراق

رێژەی توندوتیژی خێزانی دژی ژنان و ئافرەتان و منداڵ لە عیراق روی لە هەڵكشان كردوەو ئامارەكان نیشانیانداوە هەڵكشانەكە بەتایبەت لەكاتی كەرەنتینەی كۆرۆنادا بەدیار كەوتوە.  
بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە گشتیەكانی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق ئاماری ئەو دۆسیانەی بڵاوكردەوە كە تایبەتبون بە تۆماركردنی توندوتیژی خێزانی.
لەبەشێكی ئەو ئامارەدا هاتوە، دادگاكان لەساڵی 2021 دا ئەو ساڵەی بەشێوەیەكی بەرچاو كۆرۆنا بڵاوبۆوە یەك هەزارو 141 سكاڵای توندوتیژی خێزانیان دژی منداڵ تۆمار كردوەو دادگای تێهەڵچونەوەی كەرخ لە بەغداد زۆرترین سكاڵای لێ تۆمار كراوە كە 267 سكاڵا بون.
راشیگەیاندوە، سكاڵای توندوتیژی دژی ژنان و ئافرەتان 18 هەزارو 602و سكاڵا بوەو دژی بەتەمەنەكانیش 2 هەزارو 622 سكاڵا بون، هەروەها لە دادگای تێهەڵچونەوەی بابلیش 426 سكاڵا تۆمار كراوە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی بڵاویشیكردۆتەوە، لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵیشدا ژمارەی سكاڵاكانی توندتیژی خێزانی گەیشتۆتە 10 هەزارو 143 سكاڵا كە دابەشكراون لەنێوان 500 سكاڵای توندوتیژی دژی منداڵ و 7 هەزارو 947 یان بەرامبەر بە ژنان كراون و 1 هەزارو 696 سكاڵاش بەرامبەر بە تەمەنەكان كراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group