سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان: رێگە بەگروپی چەكداری لەهەرێم نادرێت

28/11/2022 عێراق

نەوا-
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق هەماهەنگی دەكەن كە رێگە بەهیچ گروپێكی چەكداری نەدرێت لەهەرێم. 
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا كە كۆپیەكی دەست رادیۆی نەوا كەوتوە بڵاویكردۆتەوە، لە میانی دوا سەردانەكانیدا بۆ بەغدا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ محەمەد سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق و لایەنە سیاسییەكان دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ئەمنی و سیاسی وڵاتیان تاوتوێ كردو جەختیان لە هاریكاری و هەماهەنگی نێوان تەواوی لایەنەكان كردەوە بۆ پشتگیری لەحكومەتی فیدرال و سەرخستنی كارنامەكەی، هەروەها پێكەوەكاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر – بەغدا لە مادەی 140، بودجەو شایستە دارایییەكان، دۆخی شەنگال و كێشەكانی وڵات بەگشتی بە گفتوگۆ لەسەر بنەمای دەستور و پاراستنی سەقامگیری و سەروەریی وڵات.
راشگەیەنراوە كە نێچیرڤان بارزانی و سەرۆك وەزیران بە تەواوی هاوڕابون و دوپاتیانكردەوە كە بە هیچ شێوەیەك رێگە بەهیچ جۆرە هەڕەشەو كردەیەوەكی سەربازی لە سنورەكانی عیراق و هەرێمی كوردستانەوە بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ نادرێت، بۆ ئەم مەبەستەش وەك هەمیشە هاوكاری و یارمەتی پێشكەش بە پەنابەران دەكەن، بەڵام رێگە بەبونی گروپی چەكدار لە هەرێمی كوردستان نادرێت، بۆیە هەولێرو بەغدا بە تەواوی هاریكاری و هەماهەنگی دەكەن و ئاسایشی سنورەكان دەپارێزن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێش هاوكارو هەماهەنگ دەبن و رێكاری پێویست دەگرنەبەر.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوەكەیدا ئاماژەشیكردوە كە نێچیرڤان بارزانی دڵنیاییداوەو جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بۆ عیراق و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكەش بە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەمێنێتەوە، هەروەها خوازیاری بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانیەتی لەسەر بنەمای رێز لەیەكگرتن و دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش، هاوكات بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان لەناوچەكە بە پێویستی دەزانین هەموو لایەك پشت بە گفتوگۆ و لێكگەشتن و چارەسەری ئاشتیانە ببەستن، بۆ ئەوەش سەركردایەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە رۆڵێكی ئەرێنی و بنیاتنەرانە لەمبارەیەوە بگێڕێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group