داوا لە بایدن دەكرێت زانیاریە هەواڵگرییەكان سەبارەت بە دروستبوونی كۆرۆنا ئاشكرا بكات

30/03/2023 جیهان

نەوا - 
لەدوای ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا، ئەنجومەنی نوێنەرانیش لە پرۆژە یاسایەكدا داوای ئاشكرا كردنی زانیاریە هەواڵگرییەكانی ئەمریكا سەبارەت بە چۆنێتی دروستبوونی كۆرۆنا دەكات.
میدیاكانی ئەمریكا رایانگەیاندووە، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە پرۆژە یاسایەكیان پێشكەش كردووە و تێیدا داوایان لە ئیدارەی كۆشكی سپی كردووە، زانیارییە هەواڵگرییەكان لەسەر چۆنێتی دروستبوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرا بكات.
هەفتەی پێشووش، ئەنجومەنی پیران هەمان داوای كردبوو و دەنگی بە پرۆژە یاسایەك دابوو بۆ ئاشكراكردنی زانیارییە هەواڵگرییەكان لەسەر كۆرۆنا و بڕیارە بنێردرێتە بەردەم بایدن بۆ واژۆكردنی.
لە ماوەی رابردودا، كریستۆڤەر رای بەڕێوەبەری نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریكا FBI رایگەیاندبوو، ئەگەری زۆر باو بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەوەیە كە لە تاقیگەدا پەرەی پێدراوە و بەهۆی روداوێكەوە لە تاقیگەی ووهان لە چین دزەی كردووەتە دەرەوە و بڵاوبووەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group