بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران و هەڵبژاردن

21/02/2024

نەوا-
دادگای فیدراڵی عیراق بۆ یەكلاییكردنەوەی چەند دۆسیەیەك كۆبۆوە كە تیایدا دۆسیەكانی تایبەت بەموچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەبون.
لە دانیشتنەكەی دادگای فیدراڵیدا سەرۆكی دادگاكە بڕیاریدا، سەرۆك وەزیرانی هەردو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان پابەند دەكرێن بە دابینكردنی موچەی فەرمانبەران لە رێگەی بانكەكانەوە بەپێی پشكی هەرێم لە یاسای بودجەی عیراق و هەمو لایەنە پەیوەندیدارەكانیش دەبێت هاوكاری وەزارەتی دارایی عیراق بن بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەی دابەشكردنی موچە لەرێگەی بانكەكانەوە بەبێ گەڕاندنەوە بۆ نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم.
دادگای فیدراڵی سەرجەم بانكەكانی پابەند كرد ئاسانكاری بكەن بەمەبەستی تۆماركردنی فەرمانبەری هەمیشەیی و گرێبەست و خانەنشین و ئەوانەی تۆڕی كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە لەو بانكانەی كە بانكی ناوەندی پشتیوانیان دەكات، هەروەها بڕیاریدا كە سەرجەم لایەنە حكومییەكان بەرپرسیارن لە ناردنی ئەو زانیاریانەی دەنێردرێن بۆ بانكەكان بە تایبەت لەبارەی پلەی وەزیفی و بڕی موچەو كرێیانەوەو سەرۆك وەزیرانی عیراق لێپرسراوە لەدوای ئەو پرۆسەیەوە لە ناردنی موچەی ئەو فەرمانبەرانە نابێت لە رێگەی قەرزەوە پێیان بدرێت.
دادگای فیدراڵی وەزارەتی دارایی هەرێمیشی پابەند كرد مانگانە لەكات و وادەی خۆیدا میزانی موراجعە پێشكەشی بەڕێوەبەرایەتی ژمێركاری لە وەزارەتی دارایی عیراق بكات.
لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشەوە دادگاكە بڕیاریدا ژمارەی 111 كورسی پەرلەمانی كوردستان نادەستورییەو رایگەیاند ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان 100 كورسییە وەك لە مادەی یەكەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992 دا هاتوە.
دادگای فیدراڵی پێكهێنانی دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستانی بە نادەستوری زانی و بڕیاریدا كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عیراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان شوێنی دەگرێتەوە، هەروەها هەرێمی كوردستانیشی بۆ 4 ناوچەی هەڵبژاردن دابەشكرد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group