نەتەنیاهو: كەناڵی جەزیرە تێرۆرستە

02/04/2024 جیهان

نەوا-
سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل كەناڵی جەزیرەی قەتەری بە كەناڵێكی تیرۆریستی ناودەبات، بەڵێنیش دەدات كە كەناڵەكە لەنێو ئیسرائیل قەدەغە دەكات. 
بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە پۆستێكی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس وتی، كەناڵی جەزیرەی قەتەری چیدیكە لە ئیسرائیل پەخشی نابێت. 
هاوكات پەرلەمانی ئیسرائیل ناسراو بە 'كنێست' پڕۆژەیاسایەكی پەسەند كرد كە تێیدا رێگە بە حكومەتی وڵاتەكە دەدات ئەو دەزگا میدیایانەی قەدەغە بكات كە وەكو هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل سەیر دەكرێن. 
پڕۆژەیاساكە بە دەنگی 70 دەنگی بەڵی و 10 دەنگی نەخێر پەسەند كرا. 
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل گوتی، دەمەوێت دەستەجێ بەگوێرەی یاسا نوێیەكە چالاكییەكانی كەناڵەكە بوەستێنم.
بڕیارەكەی پەرلەمانی ئیسرائیل كاردانەوەی ئەمریكای لێكەوتەوە و  وتەبێژی كۆشكی سپی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە كرد، بڕیارەكە جێگەی نیگەرانییە. 
ئەوە لەكاتێكدایە، لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگەكەوە قەتەر بەردەوام رۆلی نێوەنكاری لە جەنگەكەدا بینیوە و هەوڵیداوە كە ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بكرێت. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group