سبەینێ لە چەند وڵاتێك خۆرگیرانی تەواوەتی رودەدات

07/04/2024 جیهان

نەوا-
فەلەكناسان رایانگەیاندوە، لە سەرانسەری ئەمریكای باكور رۆژی دوشەممە 8ی نیسان خۆرگیرانێكی تەواو بەسەر مەكسیك و ئەمریكاو كەنەدادا تێدەپەڕێت. 
میدیا جیهانییەكان باس لەوەدەكەن، ئەم خۆرگیرانە ملیۆنان كەس دەیبینن و لەنێویاندا 32 ملیۆن كەس تەنها لە ئەمریكا كە بەدرێژایی ئەو رێڕەوە دەژین كە خۆرگیرانەكە تیایدا رودەدات، ئەوەش بۆ ئەوانەی لەو ناوچانەدان بینەری خۆرگیرانی تەواوەتی دەبن و مانگ وا دەردەكەوێت كە خۆری بە تەواوی داپۆشیوە، بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی ناسا ئەوانەی بەدرێژایی هێڵی ناوەندی رێڕەودەكەن خۆرگیران بۆ ماوەی نێوان 3.5 بۆ 4 خولەك دەبینن.
باس لەوەشكراوە، خۆرگیرانی تەواوەتی جارێكی دیكە لە ئەمریكا تا مانگی ئابی ساڵی 2044 نابینرێت و پێشتریش  دواجار خۆرگیرانی گەورەی ئەمریكی لەساڵی 2017دا رویداوە.
رونیشكراوەتەوە، خۆرگیرانی تەواو كاتێك رودەدات كە مانگ دەكەوێتە نێوان زەوی و خۆرو بە تەواوی روی خۆر دەگرێت، ئەوانەی لە چوارچێوەی ناوەندی رێڕەوەكەدان خۆرگیرانی تەواو دەبینن و خەڵكی دەرەوەی رێڕەوەكە خۆرگیران بەشێوەی بەشی دەبینن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group