هاتوچۆی بارهەڵگر لە رۆژانی هەینی لەچەند ناوچەیەك قەدەغە كرا

پێش 3 هەفتە

نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بڵاویكردەوە، رۆژانی هەینی قەدەغەیە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ڕێگای هەولێر بەرەو شەقڵاوەو ناوچە گەشتیاری و سەیرانگاكان هاتوچۆ بكەن. 
لە ئاگادارینامەیەكدا بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بڵاویكردۆتەوە، رۆژانی هەینی لەكاتژمێر 8ی بەیانی تا كاتژمێر 8ی بەیانی رۆژی شەممە ‌واتا بۆ ماوەی 24 كاتژمێر هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەڕێگای هەولێر بەرەو شەقڵاوە بە ئاڕاستەی تونێلی پیرمام و شوێنە گەشتیاری و سەیرانگاكان قەدەغە دەكرێت و نابێت بارهەڵگرەكان بەم رێگایانەدا هاتوچۆ بكەن.
راشیگەیاندوە، بڕیارەكە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و سەلامەتی هاتوچۆ و دروست نەبونی جەنجاڵی و ئاستەنگی هاتوچۆیە لەم رێگایانەدا، ئەم بڕیارە بەردەوامی دەبێت تا ئەوكاتەی رێگای گونجاو بۆ هاتوچۆی بارهەڵگرەكان دابین دەكرێت.
پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی هاتوچۆكردنی بارهەڵگرەكانی لە رۆژانی هەینی لە ناوچە گەشتیارییەكان قەدەغە كرد دوای ئەوەی بارهەڵگرێك بەهۆی نەمانی برێكەوە لە بازگەی دوكانی گەشتیاری خۆی بە زیاتر لە 15 ئۆتۆمبێلدا كێشا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group