نەورەسەكانی دوكان بەهۆی ئەنفلەوەنزای باڵندەوە مرداربونەتەوە

23/05/2024

نەورەسەكانی دەریاچەی دوكان بەهۆی نەخۆشی ئەنفلەوەنزای باڵندەوە مرداربونەتەوەو جۆرەكەی مەترسیدارە كە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
سەعدی تەیب بەڕێوەبەری گشتی ڤێترنەری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای ئەوەی هەواڵیان پێداین كە نەورەسەكانی دەریاچەی دوكان مردار بونەتەوە كە شوێنەكەیان دەكەوێتە سنوری بەڕێوەبەرایەتی ڤێترنەری راپەڕین، تیممان پێكهێناو چوینە شوێنەكە تا بزانین هۆكارەكەی چیە، دوای پشكنینی سەرەتایی باڵندەكان بۆمان دەركەوت كە ئەم نەخۆشیە ئەنفلەوەنزایە گومانیشمان زیاتر لەسەر ئەنفلەوەنزای باڵندە هەبو، هەرچەندە گومان هەبو هەوڵماندا بزانین هۆكارەكەی ژەهراویبونە یاخود حاڵەتێكی ترە دوای ئەوەی توێكاریمان بۆ باڵندەكان كرد گومانمان نەما كە نەخۆشیەكە ڤایرۆسییە.
بەڕێوەبەری ڤێترنەری راپەڕین وتیشی: بۆ دڵنیابون لە جۆری ئەنفلەوەنزاكە هانامان برد بۆ تاقیگەی هەرێم سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێترنەری، پێشنیاریشمان كرد بۆ وەزیری كشتوكاڵی هەرێم كە تیمێكی تر لە بەغداوە بێن تاكو دڵنیایی لەسەر ئەنجامی پشكنینەكە بدەن، هەردو وەزیری كشتوكاڵ و تەندروستی هەرێم پشتڕاستی ئەنجامی تاقیگەكانیان كردەوە كە ئەم حاڵەتە بەهۆی نەخۆشی ئەنفلەوەنزای باڵندەوە بوە  لە جۆری H5N1ـە كە جۆرە مەترسیدارەكەیەو دەگوازرێتەوە بۆ كێڵگە پەلەوەرییەكان و توانای گواستنەوەی بۆ مرۆڤ هەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group